حووسییەکان: سێیەم هێرشمان کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا

18-03-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حووسییەکانی یەمەن بڵاویانکردەوە، لە 48 کاژێری رابردوودا سێ جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی جەنگیی ئەمریکا لە دەریای سوور. بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت "ئەو گوتانە چەواشەکارین." 
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، حووسییەکانی یەمەن لە تەلەگرام بڵاویانکردەوە، لە باکووری دەریای سوور بە مووشەک و درۆن هێرشیانکردە سەر کەشتیی جەنگیی یو ئێس ئێس هاری ترومان، کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و جەنگییە. حووسییەکان دەشڵێن، ئەمە سێیەم هێرشیان بووە بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان لەو ناوچانە دا. 
 
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بەو راگەیێندراوەی حووسییەکان رایگەیاند، "ئەوان (حووسییەکان) بەردەوامن لە درۆ و چەواشەکاری". دەشڵێت، ئەو گرووپەی نزیک لە ئێران "شارەزایە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە زیانی هێرشەکانمان و بە سەرکەوتن پیشاندانی ئەوانەی خۆیان". 
 
بەرپرسێکی دیکەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا دەڵێت، ناتوانن زیانی ئەو هێرشانە ئاشکرا بکەن "کە حووسییەکان دەڵێن کردوومانە" و، زۆرینەی ئەو هێرشانەی دەیکەن، بە دووریی 100 میل لە ئامانجەکانیان دەکەونە خوارەوە. 
 
بە گوێرەی میدیای حووسییەکان، دوێنێ لە چەندین شاری وڵاتەکەیان خۆپێشاندان لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە و چەندین درووشمیان دژی تەلئەڤیڤ و واشنتن گوتەوە، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردە سەر یەمەن.
 
 بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان، لەو هێرشەدا 53 کەس کوژران و 98ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەرپرسانی واشنتن دەڵێن، لە هێرشەکانیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە دەریای سووردا دەڕۆن رادەگرێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، ئێران بەرپرسە لە هێرشەکانی ئەو گرووپە. 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەی سی ئێڵ ئی دی، کە تایبەتە بە ئامارەکانی جەنگ، لە 19ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە؛ حووسییەکانی یەمەن 130 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکان و چەند ئامانجێکی دیکە لە دەریای سوور. 
 
بەگوتەی حووسییەکان، ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو کەشتییانە بوون کە ئیسرائیلین یان نزیکن لێیەوە. 
 
دەریای سوور بە یەکێک لە رێڕەوە بازرگانییە گرنگەکانی جیهان دادەنرێت و نزیکەی 12٪ـی گواستنەوەی دەریایی جیهان بەوێدایە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیفی بۆردوومانکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیل.

ئیسرائیل: رۆژهەڵات و باشووری لوبنانمان بۆردوومانکرد

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەند پێگەیەکیان لە رۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، شەڕی لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا راگرت.