بەریتانیا: ئیسرائیل لە غەززە یاسای نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە

18-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمین جار، بەریتانیا دەڵێت، ئیسرائیل لە غەززە یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردووە، چونکە رۆیشتنی هەموو شتێکی بۆ نێو کەرتەکە وەستاندووە. 
 
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، رێگریکردن لە رۆیشتنی خۆراک، ئاو، سووتەمەنی، کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە بۆ نێو غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە،" گوتیشی، ئەوە "مایەی قبووڵکردن نییە، جێگەی نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵە."
 
رۆژی دووشەممە، لامی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەندامەکان، لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا ئامادەبوو. 
 
رووپا هوک، ئەندامی پارتی پارێزگاران پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کرد؛ ئایا لێکەوتەی ئەم "هەنگاوە هەراسانکارە" چی دەبێت کە ئیسرائیل لە مانگی رەمەزان ناویەتی؟ لامی لە وەڵامدا گوتی "ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە."
 
وەزاری دەرەوەی بەریتانیا هەروەها گوتی، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە ئاسایشی خۆی بکات، بەڵام بە بڕوای ئێمە، نەبوونی یارمەتی کە ئەمە 15 رۆژە لەسەر غەززە بڕدراوە، مایەی قبووڵکردن نییە و جێگەی نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵە."
 
لامی بە نوێنەرانی وڵاتەکەی گوت، "داوا لە ئیسرائیل دەکەین رێگە بە رۆیشتنی ئەو بارهەڵگرانە بداتەوە، کە پێشتر دەڕۆیشتنە نێو غەززە، کە زۆر زیاتر بوون لە 600 بارهەڵگر، بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان یارمەتیی مرۆیی پێویستیان دەستبکەوێت."
 
دوای ئەوەی ئیسرائیل لە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی غەززە پاشگەزبووەوە، رۆیشتنی هەموو کەلوپەل و یارمەتییەکی بۆ نێو کەرتی غەززە وەستاند بۆ ئەوەی گوشار لە حەماس بکات، تاوەکو بە درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رازی بێت. 
 
حەماس، داوای کرد ئاگربەستەکە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکرێت و دژی پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەستایەوە، کە داوای دەکرد، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە تاوەکو 20ـی نیسان بەردەوام بێت. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە) ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەستەکە هێنا و هێرشێکی فراوانی ئاسمانیی کردە سەر کەتی غەززە، کە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، لانیکەم 310 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن. 
 
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند "رەتکردنەوەی بەردەوامی ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە" وایکرد هێرشەکان دەستپێبکەنەوە. 
 
حکومەتی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "حەماس بەردەوام رەتیکردووەتەوە بارمتەکانمان ئازاد بکات، هەروەها هەموو ئەو پێشنیازانەشی رەتکردنەوە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرەکان خرانەڕوو."
 
ئیسرائیل هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکان "بە هێزێکی سەربازیی گەورەترەوە" بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبن. 
 
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، نەتەنیاهوو کۆتاییهێنانی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی جەنگی غەززە وەک "بەلەمی رزگاربوون" لە قەیرانە سیاسییەکان بەکاردەهێنێت و دەیەوێت ئەو بارمتانەی بەزیندوویی لە غەززە ماون، بکاتە قوربانی. 
 
عیزەت رەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بڕیاری نەتەنیاهوو بۆ گەڕانەوە بۆ سەر جەنگ، بڕیاری قوربانیکردنی دیلەکانی داگیرکار و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانە لە دژیان،" دەشڵێت "نەتەنیاهوو بڕیاری دەستپێکردنەوەی جەنگی جینۆسایدی دا بۆ ئەوەی وەک بەلەمێکی رزگاربوون لە قەیرانە نێوخۆییەکان بەکاریبێنێت."
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
 
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستی حەماسە".
 
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن. 
 
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە بۆ ئەوەی دەست بە هێرشکردنە سەر غەززە بکاتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیفی بۆردوومانکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیل.

ئیسرائیل: رۆژهەڵات و باشووری لوبنانمان بۆردوومانکرد

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەند پێگەیەکیان لە رۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، شەڕی لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا راگرت.