ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا؛ لە هێرشێکی فراوانیدا بۆ سەر غەززە 310 کەس کوژران

18-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حەماس کردبووی، ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەززە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لانیکەم 310 کەس کوژراون کە "زۆربەیان منداڵ و ژنن". 
 
کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، پێش ئەوەی ئیسرائیل ئەو هێرشانە بکات، راوێژی بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە. 
 
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیووزی راگەیاند "ئیسرائیلییەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەویان بۆ سەر غەززە راوێژیان بە ئیدارەی ترەمپ و کۆشکی سپی کرد."
 
حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێلکرد. بزووتنەوە فەلەستینییەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و "حکومەتە تووندڕۆکەی، بڕیاریانداوە رێککەوتنی ئاگربەست هەڵبووەشێننەوە، بەوەش دیلەکانی غەززەیان دایە دەستی چارەنووسێکی نادیار."
 
هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند "رەتکردنەوەی بەردەوامی ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماس" وایکرد هێرشەکان دەستپێبکەنەوە. 
 
حکومەتی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "حەماس بەردەوام رەتیکردووەتەوە بارمتەکانمان ئازادبکات، هەروەها هەموو ئەو پێشنیازانەشی رەتکردنەوە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرەکان خرانەڕوو."
 
ئیسرائیل هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکان "بە هێزێکی سەربازیی گەورەترەوە" بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبن. 
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
 
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە دا "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستیی حەماسە".
 
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن. 
 
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل پێکردووە بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە  بە هێرشکردنە سەر غەززە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە