گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئامانجەکەی هەوڵدانە بۆئەوەی ئیسرائیل و حەماس جەنگ بوەستێنن، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "پێویستمان بە رێککەوتنە لەبارەی بارمتەکان و هەبوونی ئاگربەستێکی درێژتر. دەزانم چەند سەختە لەگەڵ تیرۆریستانی حەماس رێکبکەویت، بەڵام لە کەسوکاری بارمتەکانیش تێدەگەین کە دەڵێن: دوای زیاتر لە پێنج مانگ کاتی رێککەوتنێکی گشتگیرە بۆ پاراستنی ژیانی ئەو کەسانەی هێشتا دەستبەسەرن."
 
سەردانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ لە قەتەر بەرپرسانی ئیسرائیل، حەماس و وڵاتانی نێوەندگیر گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستێک بکەن و حەماس پێشنیازی نوێی بۆ رێککەوتن هەیە.
 
پێشنیازەکەی حەماس سێ قۆناخ لەخۆدەگرێت. لە قۆناخی یەکەمدا، ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی رابگەیێندرێت و تێیدا حەماس 35 بارمتە ئازاد بکات؛ لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 350 زیندانیی فەلەستینی ئازاد بکات. لە قۆناخی دووەمدا، ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیێندرێت و هەردوولا بارمتە و زیندانیی دیکە ئازاد بکەن. لە قۆناخی کۆتاییدا، حەماس تەرمی هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکان رادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە. لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل گەمارۆی کەرتی غەززە هەڵبگرێت و رێگە بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بدات.
 
چەندین مانگە نەتەنیاهوو دەڵێت، رێگە نادات حەماس وەکو دەسەڵاتداری کەرتی غەززە بمێنێتەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەگەر رێککەوتنێکی ئاشتی یان رێگەیەکمان بۆ ئاشتی بخرێتە بەردەست کە ئیسرائیل لاواز بکات و توانای بەرگریکردن لەخۆی نەمێنێت، ئەوا وا دەکەین رێککەوتنەکە دوابکەوێت نەوەک پێشبکەوێت. دەمانەوێت لە رێککەوتنی ئاشتی نزیک ببینەوە."
 
بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، زیاد لە پێنج مانگە جەنگ بەردەوامە. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لانیکەم 130 بارمتەیان لای حەماس ماون.