ئەورووپا و میسر رێکارەکانیان دژی کۆچبەری تووند دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و سەرکردەی پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا لە قاهیرە کۆبوونەوە؛ دەیانەوێت لەڕێگەی رێککەوتنێکی 8 ملیار دۆلارییەوە یارمەتیی میسر بدەن، یەکێک لە سەرنجەکانی رێککەوتنەکە "رێگەگرتنە لە کۆچی نایاسایی."
 
ئەلیکساندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند، "میسر رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گرووپە قاچاخچییەکان. یەکێتیی ئەورووپا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە یارمەتیی میسر دەدات، پێکەوە کار دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هۆکارە ریشەییەکانی کۆچی نایاسایی."
 
رێگەیەکی سەرەکیی چوونی کۆچبەران بۆ ئەورووپا چوونیانە لە تونس و لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا.
 
جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش یەکێک بوو لەوانەی لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو، رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە باشترین رێگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانانی مرۆڤ."
 
بەشێکی زۆری کۆچبەران کە دەچنە ئەورووپا، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
 
بۆ گەیشتنە ئەوروپا بە گشتی سێ رێگەیان هەیە:
 
- رێگەی یەکەم: لە سووریاوە بە فڕۆکە دەچنە لیبیا و لەوێشەوە بە بەلەم بە دەریای نێوەڕاست بۆ ئیتاڵیا.
- رێگەی دووەم: لە سووریاوە دەچنە تورکیای دراوسێ، لەوێشەوە بە فڕۆکە بۆ لیبیا و پاشان بە بەلەم دەریای نێوەڕاست دەبڕن و خۆیان دەگەیێننە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
- رێگەی سێیەم: کۆچبەران لە سووریاوە دەچنە لوبنان، لە لوبنان بە فڕۆکە گەشت بۆ وڵاتێکی کەنداو دەکەن، لەوێشەوە بۆ میسر و پاشان لیبیا و دواتر بە بەلەم بۆ ئیتاڵیا.
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، "ساڵی رابردوو 292 هەزار و 985 کەس خۆیان گەیاندووەتە ئەورووپا، کە 38 هەزار و 703 کەس لەوانە سووریایی بوون."