زیاتر لە 15 هەزار لوبنانی لە عێراقەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 15 هەزار لوبنانی لە عێراقەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. ئەوانەی لە رێگەی گەشتی ئاسمانیشەوە گەڕاونەتەوە، لەلایەن حکومەتەوە خەرجیی گەڕانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 08-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی لوبنان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە دەکرێن و حکومەتی عێراق تێچووی گەڕانەوەی لوبنانییەکان دەگرێتەئەستۆ."
گوتەبێژی ئەو وەزارەتە ئەوەشی روونکردەوە "رۆژانە گەشتێکی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی لوبنانییەکان بۆ وڵاتەکەیان دەکرێت."
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران لوبنانی کە بەشێکیان عێراقیان وەک پەناگە هەڵبژارد.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3200 لوبنانی لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گەڕاونەتەوە و کۆی گشتی گەڕاوەکانیش 15 هەزار کەسی تێپەڕاندووە."