ئوردن هێرش دەکاتە سەر ناوچەیەکی سووریا

18-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئوردن هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی سووریا و بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانیش، 10 کەس کوژراون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2024، هێزی ئاسمانیی ئوردن هێرشی کردە سەر دوو خانوو لە ناوچەی عەرمانی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سوەیدای سووریا. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 10 کەس کوژراون.
 
هێرشەکەی ئوردن لە چوارچێوەی شەڕی دژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و حەبی کاپتاگۆنە و ئەم ساڵ ئەمە سێیەمین جارە هێزی ئوردن بۆ ئەو مەبەستە هێرش دەکاتە سەر سووریا.
 
لە هێرشەکەدا دوو خانوو کرانە ئامانج. لە یەکەمیاندا حەوت کەس کوژران و لە دووەمیشیاندا سێ کەس، جگە لە کردنە ئامانجی کۆگایەک لە گوندی ملح لە پارێزگای سوەیدا.
 
هێرشەکە لە کاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە سوپای ئوردن هێرشەکانی بۆسەر بازرگانانی مادەی هۆشبەر زیادکردووە. رۆژی 6ی ئەم مانگە سوپای ئوردن بڵاویکردەوە، هێزێکی پاسەوانی سنووری وڵاتەکەی و "گرووپێکی گەورەی قاچاخچیان"ی مادەی هۆشبەر لە سنووری سووریا شەڕیان کردووە.
 
حکومەتی ئوردن هێزێکی گەورەی پاسەوانی سنووری لەسەر سنووری وڵاتەکەی و سووریا جێگیر کردووە و دەڵێت، لەو رێگەیەوە رێگە نادات قاچاخچیان مادەی هۆشبەر ببەنە نێو ئوردنەوە.
 
حەبی کاپتاگۆن بەزۆری لە سووریا بەرهەم دەهێندرێت و لەوێوە رەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت، لەوانەش سعودیە و عێراق.
 
هەرچەندە دیمەشق رەتیدەکاتەوە هیچ رۆڵێکی لەو بازرگانییەدا هەبێت، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە رێگەی دروستکردنی حەبەکە و بازرگانییەکەوە ملیاران دۆلاری دەستکەوتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە