ئیسرائیل: تورکیا پشتگیریی گرووپە جیهادییەکانی سووریا دەکات لە دژی کورد

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی "تۆمەتەکانی" تورکیا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، تورکیا 15٪ـی خاکی سووریای داگیر کردووە و تۆمەتباریشی دەکات بەوەی "پاڵپشتی گرووپە جیهادییەکان دەکات لە دژی کورد."
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە راگەیێندراوێکدا، تۆمەتەکانی تورکیای سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێو خاکی سووریا لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد رەتکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تورکیا بەشێوەیەکی سیستماتیکی خاکی سووریای داگیرکردووە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەساڵانی 2016، 2018 و 2019 و تاوەکو ئەمڕۆش ئەو هەوڵانەی تورکیا بەردەوامە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات "تورکیا چەندین هێزی نزیک لە خۆی دیاریکردووە، لەنێویاندا سوپای نیشتمانیی سووریا کە لەژێر فەرمانی تورکیا کار دەکات و نزیکەی لەسەدا 15ـی خاکی سووریا لەژێر کۆنترۆلی هێزەکانی نزیک لە تورکیایە."
 
"لەو ناوچانە، دراوی تورکی بەکاردەهێنرێت، لقی بانکەکانی تورکیای تێدایە و خزمەتگوزاری پۆستەی تورکیا کاری تێدا دەکات." ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.  
 
ئیسرائیل هەروەها دەڵێت، "تورکیا لەرێگەی فرۆکەی جەنگی و درۆنەوە، ژێرخانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای کردووەتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەش پاڵپشتی لە هێزە جیهادییەکان دەکات لە دژی کورد لە سووریا." 
 
لە راگەیێندراوەکەی ئیسرائیلدا هاتووە "دەبێت تورکیا دوا وڵات بێت کە باسی داگیرکاریی لە نێو سووریا بکات، هیچ پاساوێکیش نییە لە بەردەوامی تووندوتیژی دژی کورد لە سووریا." 
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئیسرائیلی لەنێو خاکی سووریا کرد و رایگەیاند، تاکە ئامانجی ئیسرائیل لەو کارە، "فراوانکردنی سنوورەکانیەتی لەرێگەی داگیرکاریی. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیلیش مایەی نیگەرانییەکی قووڵە و هەروەها پێشێلکارییەکی زەقی رێککەوتنی هێڵی ئاگربەستی ساڵی 1974."