حەماس: گفتوگۆکانی دەوحە بۆ ئاگربەست جیدی و ئەرێنی بوون

رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایدەگەیێنێت، دوایین گفتوگۆی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کە لە دەوحە بەڕێوەچوو، "جیدی و ئەرێنیی" بوو.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حەماس دووپاتی دەکاتەوە لەژێر رۆشنایی ئەو گفتوگۆ جیدیی و ئەرێنییانەی ئەمڕۆ لە ژێر سەرپەرشتیی برایانی قەتەری و میسری بەڕێوەچوو، ئەگەرێکی زیاتر بۆ رێککەوتن، گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان هەیە."
 
دوێنێ دووشەممە، بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەززە گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر. سەردانی شاندەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، رۆژی 11ـی ئەم مانگە، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی هەواڵگریی ئیسرائیل سەردانی قەتەری کرد. 
 
دوێنێ دووشەممە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لەدوای ئاگربەستەکەی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، "هیچ کاتێک شاندی ئیسرائیل ئەوەندە لە رێککەوتنی ئاگربەست نزیک نەبوون."
 
بەرپرسێکی حەماسیش کە ناوی ئاشکرا نەکراوە دەڵێت، ئێستا لە هەموو کاتێک لە راگەیاندنی ئاگربەست نزیکترین، بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێشتا دەتوانێت ئاگربەستەکە تێکبدات، هەروەک لە رابردوو کردوویەتی."