کوردێک وەک باڵیۆزی ئاشتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵدەبژێردرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چالاکڤانێکی کورد بانگهێشتی کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرە کرا و وەک باڵیۆزی ئاشتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵدەبژێردرێت و خەڵاتی پێدەدرێت. ئەو چالاکڤانە گوتی: "ئەمە تەنیا نازناوێک نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقیشە."
 
ساڵانە کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرەی پایتەختی میسر سازدەکرێت، ئەم ساڵێش بە بەشداری 22 وڵاتی عەرەبی و 500 ئەندام کۆنگرەکە بەڕێوەچوو. عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان وەک تاکە کورد بانگهێشتی ئەم کۆنگرە جیهانییە کرا. وەک باڵیۆزی ئاشتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژێردرا و خەڵاتکرا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، عادل مەلا ساڵح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک تاکە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بانگهێشت کرابووم لەنێو 500 ئەندامی کۆنگرەکە."
 
عادل مەلا ساڵح گوتی، لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر رێگەکانی دانوستاند بە شێوازی ئاشتییانە، کارکردن و هەوڵدان بۆ بیری ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئاستەنگەکان و جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتیش جەنگی ئیسرائیل و لوبنان، دواتریش خەڵاتەکە بە من بەخشرا.
 
ئەو چالاکڤانە کوردە گوتیشی: "لە کۆنگرەکەدا گوتارێکم بە زمانی عەرەبی پێشکێشکرد و بە گرنگییەوە باسی مێژووی گەلی کوردستان، ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان و فەیلییەکانم کرد."
 
عادل مەلاساڵح هاوکات، باسی لەوە کرد، "لە دوایین رۆژی کۆنگرەکە لەلایەن محەممەد شەعلان، سەرۆکی ناوەندی ئاشتیی جیهانی بڕوانەمەی باڵیۆزی ئاشتیم پێبەخشرا، وەک باڵیۆزی ئاشتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسێندرام."
 
لە بارەی بڕوانامەکەوە عادل مەلاساڵح گوتی: "ئێستا دەستبەکار بووم و ئەمە تەنیا نازناوێک نیە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقیشە، بۆیە پێویستە ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لە ساڵی نوێدا بەرنامەمان هەبێت و ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە