لە وەرزی زستاندا غەززە پێویستی بە 400 هەزار لیتر غازی ماڵان هەیە

17-12-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نەمانی سووتەمەنی لە غەززە و خان یوونس
نەمانی سووتەمەنی لە غەززە و خان یوونس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە غەززە و خان یوونس دۆخی سووتەمەنی بەجۆرێکە هاووڵاتییان بۆ چێشتلێنان و خۆ گەرمکردنەوە لەبری بەکارهێنانی گاز، دار دەسووتێنن، نەبوونی کارەباش بەشێکی دیکەی نەهامەتییەکانی ئەو شارەیە. 
 
یەکێک لە ئاوارەکانی خان یوونس لەبارەی دۆخیانەوە دەڵێت، "چیدیکە گاز بەردەست نییە. لە رۆژی دووەمی جەنگەکەوە، کورتهێنان لە نان، گاز و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکەوە هەیە. ئەوانەی کە پارەشیان هەیە ناتوانن گازیان دەستکەوێت و هەموو کەسێک دار بەکاردەهێنێت."
 
لە کاتی ئاساییدا کەرتی غەززە رۆژانە پێویستی بە 300 بۆ 350 هەزار لیتر غازە؛ بەڵام لە وەرزی زستاندا پێویستییەکە بەرزدەبێتەوە بۆ 400 هەزار لیتر.
 
تاوەکو 17ـی تشرینی دووەمیش، ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی هیچ سووتەمەنییەک بە کەرتی غەززە نەدەدا، بەڵام لەو کاتەوە لەسەر داوای حکومەتی ئەمریکا لە هەر 48 کاژێرێک رێگەی بە گەیاندنی 120 هەزار لیتر سووتەمەنی دا کە بەشێکی گاز بوو.
 
ئاوارەیەکی دیکە باسی شەوی سارد و ژیانی منداڵەکانی دەکات و گوتی، "ئێمە ئاوارەین و لە خێمەدا دەژین. لەو کەشە ساردەی شەودا ئاگر دەکەمەوە بۆ گەرمکردنەوەی منداڵەکانم. ئەمە ژیانی ئێمەیە."
 
پێش شەڕی حەماس و ئیسرائیل، رۆژانە غەززە پێویستی بە 400 مێگاوات کارەبا بوو؛ بەڵام کۆی کارەبای بەرهەم هاتوو 180 مێگاوات بوو.
لەو بڕە کارەبایەی غەززە هەیبوو، 66٪ـی لە ئیسرائیلەوە هاوردە دەکرا.
 
لەدوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماسیش تاکە سەرچاوەی کارەبای کەرتەکە مۆلیدەکان بوون کە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە لەکار وەستابوون.
 
لە 17ـی تشرینی دووەمیشەوە، لە 48 کاژێردا ئیسرائیل تەنیا رێگەی بە گەیاندنی 20 هەزار لیتر سووتەمەنی بۆ موەلیدەکانی کەرتەکە داوە؛ ئەمەش زۆرینەی بۆ دابینکردنی کارەبای نەخۆشخانەکان بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە