رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
پێڵاوی ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناراوەکانی قەسر ئەلخەییار لە لیبیا دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا بەلەمەکەیان نقووم بوو، وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێک لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا نوقمبوو کە 86 کۆچبەری تێدا بوو. کۆچبەرەکان دەیانویست بگەنە ئیتاڵیا.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەر لەنزیک کەناراوەکانی لیبیا ژێرئاو کەوتووە، لە ئەنجامدا 61 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 25 کۆچبەری دیکەش رزگار کراون.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەلەمەکە لە باکووری رۆژئاوای لیبیاوە بەڕێکەوتبوو و ئامانجی ئەوە بوو کۆچبەرەکان بگەیێنێتە لیبیا، بەڵام بەهۆی بەهێزیی شەپۆلی دەریاوە تێکشکاوە.
چەند ساڵێکە کۆچبەران لە وڵاتانی جیاوازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە دەچنە تونس و لیبیا، لەوێوە بە بەلەم دەپەڕنەوە لیبیا و دواییش بەشی زۆریان دەچنە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوای ئەوروپا و داوای مافی پەنابەری دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 153 هەزار کۆچبەر لە لیبیا و تونس چوونەتە ئیتاڵیا.
بەگوێرەی کۆچی نێودەوڵەتی، زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی نوقمبوونی ئەو بەلەمەدا خنکاون ژن و منداڵ بوون و زۆربەشیان ئەفریقی بوون. ئەو 25 کۆچبەرەشی رزگار کراون، بۆ کامپەکانی کۆچبەران لەنێو لیبیا گوازراونەتەوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەمساڵ سێ هەزار و 378 کۆچبەر لە دەریای سپی نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ