سێ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی نەتەنیاهوو دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، سێ کەسیان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستگیر کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2024، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، "شەوی رابردوو، سێ کەس بەتۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەکەی ئێوارەی رۆژی شەممە دەستگیر کراون." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
پۆلیسی ئیسرائیل زانیاری لەبارەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا نەکردووە و دەڵێت، دادگە رێگریکردووە لەوەی زانیاری لەبارەیانەوە بڵاوبکرێتەوە.
دوێنێ ئێوارە پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگەی شاباک رایانگەیاند، دوو بۆمبی رووناکی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە فڕێدراونەتە ماڵەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قودس/ئۆرشەلیم، بەڵام نەتەنیاهوو و خێزانەکەی لەو کاتەدا لە ماڵ نەبوون و سەلامەتن.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل رووداوەکەیان بە "مەترسیدار" دانا و گوتیان، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و غەززە بەردەوامە. هەروەها هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایی بەرفراوانی شەقامی ئیسرائیلی کە رۆژانە بە خۆپێشاندان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ و رێککەوتن لەگەڵ حەماس دەکەن بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازادبکرێن.
ئەمیر ئۆهانا، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل ئەو خۆپێشاندەرە ئیسرائیلییانەی بە رووداوەکە تۆمەتبار کرد کە خۆپێشاندان لە دژی حکومەت دەکەن.
ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بە کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی گوتووە، "دژایەتیکردنی نەتەنیاهوو هەموو سنوورێکی بەزاندووە. ئەمڕۆ بۆمبی رووناکی هەڵدراوە، سبەی گوللـەی پێوە دەنرێت."
هاوکات یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەم و چاوەڕێی ئەوەم تاوانکاران بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن."
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیلیش رووداوەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسفکرد و گوتی: "بە تووندی سەرکۆنەی دەکەم."