کەمیی دەرمان و سووتەمەنی هەڕەشە لە ژیانی منداڵە بریندارەکانی غەززە دەکات

17-11-2023
محەممەد سالم
دینا ئەبو موحسین، قوربانیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
دینا ئەبو موحسین، قوربانیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، 40٪ی قوربانییانی جەنگ لە غەززە منداڵانن، هەندێکیان برینەکەیان سەختە. کەمیی دەرمان و سووتەمەنیش هەڕەشە لە ژیانی منداڵە بریندارەکان دەکات. 
 
دینا لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵەکەیان قاچێکی لەدەستداوە، ئێستا لەنێو خەمی لەدەستدانی دایک و باوکی و ئازاری لە دەستدانی قاچێکیدا دەژی.
 
دینا ئەبو موحسین، قوربانیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلە و دەڵێت، "نووستبووم، باوکم بە ئاگا بوو، گوێمان لە بۆردوومانکردنی خانووەکەمان بوو، باوک و دایکم هەستان و براکەمیان لە باوەش گرت، بۆ جاری دووەم بۆردوومانی کردینەوە، دار و پەردووی خانووە رووخاوەکە کەوتە سەرمان، قاچم لە دەستدا، برا گەورەکەشم بە سەلامەتی رزگاری بوو، خوشکە نێوەنجییەکەشم دەموچاوی برینداربوو، هەموو خێزانەکەمم لەدەستدا، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا برا و خوشکەکەمە، دایە و بابە شەهید بوون خودا لێیان خۆشبێت." 
 
زیاد منداڵێکی سێ مانگەیە، ئەویش بە سەلامەت دەرنەچووە، سەری بریندارە؛ لەتیفە ئەبو موسا، دایکی منداڵەکە باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "هاوژینەکەم لەژێر داروپەردوو بوو، لەهەموو لایەک بریندار بوو، دواتر پرسیاری منداڵە ساواکەمی (زیاد)ی لێکردم، لەژێر دار و پەردوو بوو، کاتێک گەیاندمانە نەخۆشخانە دکتۆرەکان تیشکیان بۆ گرت و پشکنینی زۆریان بۆ کرد، سێ جێی سەری شکاوە".
 
کەمیی دەرمان و سووتەمەنی و بەردەوامی جەنگ هەڕەشە لە ژیانی هەزاران بریندار دەکات، بەتایبەتی منداڵان. 
 
د. حاتم زەهیر، سەرۆکی بەشداری دایەنگا لە کۆمەڵگەی ناسری پزیشکی لە غەززە دەڵێت، "دۆخەکە کارەساتبارتر بووە، ئاو و کارەبا زیاتر دەبڕدرێت، چونکە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە باشوور، جگە لەوەش نەخۆشییەکانی سکچوون، هەوکردن و تای مێشک و دڕکە پەتک و نەخۆشی پێست زۆر بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی لەنێوان منداڵانی ساوادا."
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، 20 نەخۆشخانە لە غەززە لە کارکەوتوون، ئەوانی دیکەش بە نیوەچڵی کاردەکەن. 
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی ‌غەززە داوا دەکات هێرشەکان رابگیرێت و دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردن و پاراستنی ژیانی بریندارن دابین بکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە