رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژی پڕ لە گفتوگۆ و ئەزموون ئاڵۆگۆڕکردن، کۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات کۆتاییهات؛ بۆنەیەك كە تێیدا بەڕێوەبەران و میدیاكارانی دیارترین میدیاكانی ناوچەكە و جیهان تێیدا سەرنجی خۆیان لەسەر داهاتوو و ئاڵنگارییەکانی بەردەم راگەیاندن خستنەڕوو.
تۆڕی میدیایی رووداو تاکە دەزگای راگەیاندنی کوردستانی بوو لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکەدا بەشداربوو. ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی پانێڵ و گفتوگۆکان بوو. لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنگرەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ کەسایەتییە پێشەنگەکانی میدیای ناوچەکە و جیهان راوبۆچوونیان لەسەر رۆڵ و داهاتووی راگەیاندن ئاڵوگۆڕکرد.
کۆنگرەکە یەکەمین بۆنەی جیهانیی لەمشێوەیەی تایبەت بە میدیا بوو کە تێیدا:
هەزار و 600 میدیاکار لە 141 وڵاتەوە ئامادەبوون. هەروەها 192 کۆمپانیا و دامەزراوەی میدیایی لە 42 وڵاتەوە ئامادەبوون و، هەزار و 200 پسپۆڕی بواری میدیا و تەکنەلۆجیای زانیاری لەگەڵ 162 قسەکەری جیهانی بەشداربوون.
یەکێک لە تەوەرەکانی دوایین رۆژی کۆنگرەکە بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی راگەیاندبوو لە ئەمریکای لاتین.
خاڤیێر ڤیانوێڤا بارزێلاتۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Mega Mediaی چیلی دەڵێت: "بێگومان ئێمە لە ئەمریکای نێوەڕاست لەو مەترسییە تێدەگەین کە لەسەر کاری رۆژنامەڤانی هەیە، ئەو مەترسییەی کە بەهۆی ئەنجامدانی کارەکەمانەوە رووبەڕووی دەبینەوە. کێشەکە تەنیا لە مەکسیک نییە، بەڵکو لە کۆڵۆمبیا و پارەگوایش هەیە. لە ئەنجامی ئەوە، دەزگا میدیاییەکانمان ناوێرن ئازادانە قسەبکەن."
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمساڵ لە سەرانسەری جیهان 70 رۆژنامەڤان بەهۆی کارەکەیانەوە کوژراون کە سێیەکیان لە کیشوەری ئەمریکای لاتین بوون.
چانی گویۆت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەکسیۆنی ئەرجەنتینی گوتی، "یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکانی رۆژنامەڤانی لە ئەمریکای لاتین کوشتنی رۆژنامەڤانان و سەلامەتییانە. ئەمساڵ 26 رۆژنامەڤان بەهۆی کارەکەیان کوژراون. کێشەکان زۆرن. لە لایەکەوە، زۆربەی بکوژەکان بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن، لە لایێکی دیکەشەوە، دامەزراوە حکومییەکان رژد نین لە چارەسەرکردنی کێشەکان. زۆربەی بکوژەکان لە سزا رادەکەن."
هەر لە رۆژی سێیەمی کۆنگرەکەدا باس لە رۆلی ژنان لە بواری میدیادا کرا. کۆنگرەکە دەبێتە بۆنەیەکی ساڵانە و بڕیارە لە ساڵی داهاتوو لە 14 تا 16ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ