قاچاخچییەکی ماددەی هۆشبەر لە سووریاوە رادەستی ئیتاڵیا دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

قاچاخچییەکی ماددەی هۆشبەر کە لە لیستی داواکراوەکانی ئەوروپادایە و لە ساڵی 2003وە هەڵاتووە، دوای دەستگیرکردنی لە سووریا، رادەستی ئیتاڵیا کرایەوە.
 
برونۆ کاربۆن، تەمەن 45 ساڵ، قاچاخچییەکی گەورەیە کە ماددەی هۆشبەری بۆ مافیای کامۆرای ناپلس دەبرد. پێشتر بە تاوانی قاچاخچێتیی نێودەوڵەتی، لەلایەن دادگەیەکی ئیتاڵییەوە بە 20 ساڵ بەندکردن سزای بۆ دەرکرابوو، بەڵام هەڵات. رۆژی سێشەممە، دوای ناردنەوەی بۆ ئیتاڵیا، لە فڕۆکەخانەی سیامپینۆی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستگیرکرا.
 
بەرپرسێکی ناوچەی باکووری رۆژئاوای سووریای ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام گوتی، کاربۆن "مانگی ئادار دەستگیرکرا کاتێک کە بەنێو ناوچە (ئازادکراوەکاندا) گەشتی دەکرد بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێم."
 
ئەو بەرپرسە لە تەلیگرام نووسیویەتی، قاچاخچییەکە "بەپێی یاسا بەرکارەکان رادەستی وڵاتەکەی کرایەوە."
 
بەگوێرەی میدیای ئیتاڵی، کاربۆن بەشێکی زۆری کاتی خۆی بە خۆحەشاردان لە ئیمارات بەسەربردبوو.
 
زیا عومەر، گوتەبێژی هێزە ئەمنییەکانی دەستەی تەحریری شام، باس لەوە دەکات، قاچاخچییەکە دواتر چووەتە ئەوروپا و پاشان تورکیا، لەوێشەوە رۆشتووە بۆ سووریا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، "چونکە پێیوابووە ئەوە باشترین پەناگەیە بۆئەوەی یاسا نەیدۆزێتەوە."
 
برۆنۆ کاربۆن دواتر خۆی بە مەکسیکی پێشانداوە و گوتبووی لە مەکسیک هەڵاتووە.
 
ئیمارات دەستگیرکردنی برۆنۆ کاربۆنی لە ساڵی 2021 راگەیاند، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت ئەو کەسێکی دیکە بووە لەلایەن برونۆوە نێردراوە بۆئەوەی بەلاڕێیاندا ببات و بتوانێت دووبارە هەڵبێتەوە.