بایدن: ئیسرائیل هەموو مافێکی هەبوو بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی و ژێرخانی حەماس لەنێو ببات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، ئیسرائیل مافی خۆی بووە سەرکردایەتی و ژێرخانی حەماس لەنێو ببات. دوای کوژرانی سنوار، بایدن گوتی: "حەماس چیدیکە توانای نییە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە بکاتەوە."
 
شەوی پێنجشەممە، 17-10-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند: "لەدوای کوژرانی یەحیا سنوار، رۆژێکی نوێ بۆ هەموو جیهان دەستپێدەکات. ئیسرائیل هەموو مافێکی هەبوو بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی و ژێرخانی حەماس لەنێو ببات."
 
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنواری راگەیاند. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، دوێنێ چوارشەممە چەند سەربازێکی ئیسرائیلی سێ چەکداریان بینیوە چوونەتە نێو باڵەخانەیەکی شاری رەفەح لە باشووری غەززە. ئەوانیش داوایان کردووە فڕۆکە ئەو باڵەخانەیە بۆردوومانبکات. دوای ئەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ تیرۆریستمان کوشت، گومان دەکەین یەکێکیان یەحیا سنوار بێت."
 
بایدن هەروەها رایگەیاند، بەمزووانە لەسەر پرسی بارمتەکان و کۆتاییهێنانی جەنگ قسە لەگەڵ نەتەنیاهوو دەکات. دوای کوژرانی سنوار، حەماس چیدیکە توانای نییە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە بکاتەوە؛ "ئێستا دەرفەتێک بۆ غەززە هەیە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی بەبێ دەسەڵاتی حەماسی هەبێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، سنوار بەرپرسی کوشتنی هەزاران ئیسرائیلی، ئەمریکی، فەلەستینی و هاووڵاتییانی 30 وڵات بوو.
 
لەلایەکی دیکە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری سەرۆکایەتی گوتی: "ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە، مەرجە هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بەو مەینەتییە بێت. جەنگی غەززە بووە هۆی ناسەقامگیریی زیاتری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دوای کوژرانی سنوار، ئێستا دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی جەنگ بوەستێت."
 
سنوار لە ساڵی 1962 لە کەمپی خان یونس لەدایکبووە. ساڵی 2011 ژنی هێناوە و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئیبراهیم. سنوار چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە. لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە لە رێککەوتنێکی تایبەتدا ئازادکرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: یەحیا سنوار کوژرا

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بۆ ژمارەیەک لە هاوکاتانی لەسەر ئاستی جیهان، کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس پشتڕاست دەکاتەوە.