وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: یەحیا سنوار کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی پێنجشەممە، 17-10-2024 ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکی تایبەتدا کە بۆ چەند وەزیرێکی دیکەی دەرەوەی ناردووە گوتی: "یەحیا سنوار، ئەو تیرۆریستەی بەرپرسی کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بوو، ئەمڕۆ لەلایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا."
 
کاتس هەروەها گوتی: "ئەمە دەستکەوتێکی گەورەی سەربازییە بۆ ئیسرائیل و سەرکەوتنە بۆ هەموو جیهان لە دژی محیوەری خراپەکاریی رادیکاڵ، کە ئێران رابەرایەتیی دەکات."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، داوایان لە هێزی ئاسمانی کردووە باڵەخانەیەکی شاری رەفەحی غەززە بۆردوومان بکات، ئەمەش دوای ئەوەی بینیویانە چەند کەسێکە بە چەکەوە چوونەتە نێوی. دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەچنە ژوورەوە، رایانگەیاند یەکێک لە تەرمەکان زۆر لە یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەچێت.
 
کاتس لە کۆتایی نامەکەیدا گوتی: "کوژرانی سنوار ئەو دەرفەتە دەهێنێتە پێش کە دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکەین و دۆخی غەززە بگۆڕدرێت، بەبێ حەماس و بەبێ ئێران."
 
کاتس بە وەزیرەکانی دیکەی گوتووە: "ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئیسرائیل پێویستی بە پاڵپشتی و یارمەتییەکانی ئێوەیە."