وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: هیوادارم کوشتنی سنوار ئاگربەستی غەززەی لێبکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 17-10-2024، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند: "پێدەچێت سەرکردەی سەربازیی حەماس کوژرابێت، پێموایە کە ئیسرائیل لە دژی حەماس بەرگریی لەخۆی کرد. هیوادارم نەمانی سەرکردەی حەماس ببێتە هۆی ئاگربەستی غەززە."
سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە رەفەح لە باشووری غەززە "سێ تیرۆریستیان" کوشت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گومان دەکرێت یەکێک لەوانەی کوژراون یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بێت.
تاوەکو ئێستا حەماس و سوپای ئیسرائیل کوژرانی سنواریان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
میدیای فەرمیی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی پشتڕاستکردەوە و کەناڵ 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، سنوار دوێنێ چوارشەممە، لە رەفەح کوژراوە.
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، پشکنینی ددان بۆ یەکێک لە تەرمەکان کراوە و دەرکەوتووە سنوارە.