دەستەی پەخشی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار رادەگەیێنێت

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشێکدا "سێ تیرۆریستیان" کوشتووە و گومان دەکەن یەحیا سنوار کوژرابێت.

17-10-2024

19:03

دوو چەکدارەکەی دیکە کێن کە لەگەڵ سنوار بوون؟

 
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو دوو چەکدارەی لەگەڵ یەحیا سنوار کوژراون، بریتیین لە مەحموود حەمدان، فەرماندەی کەتیبەکانی تەل سوڵتان و هانی زەعرەب، فەرماندەی حەماس. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

18:32

جۆ بایدن لە "کوژرانی" سنوار ئاگادار کرایەوە

 
بەگوتەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکا، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس زانیاریی بە جۆ بایدن داوە و ئاگاداری کردووەتەوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیک سوڵیڤان بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوتوون. بەگوتەی ئەو بەرپرسانە، سوڵیڤان لەنێو فڕۆکە زانیارییەکانی بە بایدن داوە.
 
چوونی بایدن بۆ ئەڵمانیا بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا لەسەر جەنگی ئۆکراینا-رووسیا و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:29

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: هیوادارم کوشتنی سنوار ئاگربەستی غەززەی لێبکەوێتەوە

ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا
 
رۆژی پێنجشەممە 17-10-2024 ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، "پێدەچێت سەرکردەی سەربازیی حەماس کوژرابێت، پێموایە کە ئیسرائیل لە دژی حەماس بەرگریی لەخۆی کرد. هیوادارم نەمانی سەرکردەی حەماس ببێتە هۆی ئاگربەستی غەززە."
 
سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە رەفەح لە باشووری غەززە "سێ تیرۆریستیان" کوشت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گومان دەکرێت یەکێک لەوانەی کوژراون یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بێت.
 
تاوەکو ئێستا حەماس و سوپای ئیسرائیل کوژرانی سنواریان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
دەستەی پەخشی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی پشتڕاستکردەوە و کەناڵ 12ی ئیسرائیل رایگەیاند، سینوار دوێنێ چوارشەممە، لە رەفەح کوژراوە. 
 
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، پشکنینی ددان بۆ یەکێک لە تەرمەکان کراوە و دەرکەوتووە سینوارە.
زیاتر بخوێنەوە

18:01

سیناریۆی "کوژرانی" سنوار چۆن بووە؟

یەحیا سنوار
 
دەستەی پەخشی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی پشتڕاستکردەوە و کەناڵ 12ی ئیسرائیل دەڵێت، سنوار دوێنێ چوارشەممە، لە رەفەح کوژراوە. 
 
بە گوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، سەرەتا سەربازانی ئیسرائیل ژمارەیەک چەکداریان بینیوە کە دەچنە نێو باڵەخانەیەک، دواتر داوای هێرشی ئاسمانییان کردووە بۆ سەر ئەو باڵەخانەیە. بەڵام نەیانزانیوە سنوار یەکێک بێت لەو چەکدارانە. 
 
دوای هێرشە ئاسمانییەکە، بەشێکی باڵەخانەکە داڕماوە، پاشان سەربازانی ئیسرائیل چوونەتە شوێنەکە و بینیویانە یەکێک لەو سێ کەسەی کە کوژراون، زۆر لە سنوار دەچێت. 
 
کەناڵ 12 ئاماژە بەوە دەکات، سوپا و شاباک سەرقاڵی پشکنینی دی ئێن ئەی ـین بۆ ئەوەی پشتڕاستبکرێتەوە کە ئەوە سنوارە یان نا، بەڵام تەرمەکەیان لەو شوێنە هێشتووەتەوە و نەیانتوانیوە لەگەڵ خۆیان بیبەن، چونکە ناوچەکە بۆمبڕێژکراوە. 
 
بە گوێرەی میدیاکە، سنوار هێلەکێکی سەربازیی لەبەردا بووە و ژمارەیەک نارنجۆکی پێبووە.
 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:39

ژمارەیەک وێنە بڵاودەکرێنەوە کە دەگوترێت یەحیا سینوارە دوای کوژرانی

ژمارەیەک وێنە بڵاودەکرێنەوە کە دەگوترێت یەحیا سینوارە دوای کوژرانی
 
ئەم بابەتە وێنەی هەستیاری تێدایە
 
لە سەرەتای راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل کە تێیدا هاتبوو لە کوژرانی سینوار دەکۆڵنەوە، ژمارەیەک وێنە لەو شوێنەوە بڵاوکرانەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدابوو. لە وێنەکاندا کەسێکی هاوشێوەی سینوار دەردەکەوێت. 
 
بەشێک لە سەرچاوەکان شیکارییان بۆ رووخساری سینوار و ددانەکانی کردووە، ئەنجامەکەی لێکچوونێکی زۆری تێدایە. بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ بڕیاردان لەوەی کە ئەو کەسەی لە وێنەکاندا دەرکەوتووە سینوار یان نا. 
 
لە وێنەیەکی دیکەدا ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لەسەر تەرمەکە دەبیندرێن. ئێستا هەمووان چاوەڕوانی راگەیێندراوی فەرمیی حەماس و ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی ـین بۆ یەکلاییکردنەوەی کوژرانی سینوار. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:34

یەحیا سینوار کێیە؟

یەحیا سینوار
 
ئێستا کە میدیای فەرمیی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سینواری راگەیاندووە، بە کورتی بزانن سینوار کێیە و چ کارە بووە
 
- ناویە تەواوی یەحیا ئیبراهیم حەسەن سینوارە
 
- لە 29ی تشرینی یەکەمی 1962 لە شاری خان یونسی کەرتی غەززە لەدایکبووە، واتە تەمەنی 61 ساڵە. 
 
- لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، لە 6ی ئاب بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دیاریکرا.
 
- لە 13ی شوباتی 2017ـەوە سەرکردەی حەماسە لە غەززە، واتە سەرکردەی لقی بزووتنەوەکەیە لە غەززە. 
 
- لە ساڵی 1988 بە تۆمەتی کوشتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی و چوار سیخوڕی فەلەستینی، دەستگیرکرا. 
 
- لە ساڵی 1989 چوار جار سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ دەرکرا. 
 
- لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵۆگۆڕکردنی بەندکراواندا، سینوار ئازادکرا. 
 
- سینوار لە هەشتاکان لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا بەدەستهێنا
 
- لە ساڵی 2011 ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و باوکی سێ منداڵە
 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:16

بە کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل گوتراوە وادیارە سینوار کوژراوە

یەحیا سینوار
 
ئەندامانی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ئاگادارکراونەتەوە کە وا دەردەکەوێت یەحیا سینوار، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژرابێت. 
 
ئەو زانیارییە دوو بەرپرس بە رۆیتەرزیان گوتووە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش ئەوەی راگەیاندووە کە سینوار "کوژراوە."
 
تاوەکو ئێستا کوژرانەکە لەلایەن حەماسەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە. بەرپرسێکی ئیسرائیل دەڵێت، پشکنینی دی ئێن ئەی دەکەن بۆ ئەوەی لە کوژرانی سینوار دڵنیاببنەوە. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:11

میدیای ئیسرائیلی: سینوار دوێنێ کوژراوە

رووداو
 
کەناڵ 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی تێیدا "یەحیا سینوار کوژراوە" دوێنێ چوارشەممە بووە و سەربازەکانی ئیسرائیل تاوەکو ئەمڕۆ تەرمی سینواریان نەناسیوەتەوە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:06

دەستەی پەخشی ئیسرائیل: یەحیا سنوار کوژراوە

رووداو
دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە لە رەفەح کوژراوە. 
 
هاوکات، چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ئیسرائیل بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، لەدوای پشکنینی DNA دەرکەوتووە کە یەحیا سنوار کوژراوە. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:04

یەحیا سنوار؛ لە تونێلەکانی غەززەوە بۆ کەسی یەکەمی حەماس

یەحیا سنوار.
 
دوای هەفتەیەک لە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئەو بزووتنەوە چەکدارە سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد. یەحیا سنوار، کە بە پیاوی تونێلەکان ناسراوە، بە شوێنگرەوەی هەنییە دانرا.
 
رۆژی سێشەممە، 06-08-2024، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، یەحیا سنوار لە شوێنی ئیسماعیل هەنییە وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دیاریکراوە.
 
یەحیا ئیبراهیم حەسەن سنوار، یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی بزووتنەوەی حەماس، پێشتر جێگری ئیسماعیل هەنییە بووە و تاوەکو ئێستاش لە کەرتی ‌غەززە ماوەتەوە.
 
 
یەحیا سنوار، یەکێکە لە سەرکردە سەربازییە تووندەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئەو بە ئەندازیاری توونێلەکانی حەماس دادەنرێت و لەبەرئەوەش ناسناوی "پیاوی توونێلەکان"ی پێدراوە. هەروەها ئیسرائیل بەوە تۆمەتباری کردووە کە پلانداڕێژەری یەکەمی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری دادەنێت کە تێیدا هەزار و 189 ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 200یش بە بارمتە گیران.
 
سنوار، بە پیاوێکی تووند ناسراوە، تەنانەت لەگەڵ بەرپرسانی سەرووی خۆشییەوە تووند بووە و زۆر جار ملکەچی فەرمانەکان نەبووە، بۆیە بەشێکی ئیسرائیلییەکان بە سەرۆکی غەززە ناساندوویانە.
 
لەنێو داواکراوانی ئیسرائیل دا، یەحیا سنوار داواکراوە چ بە زیندوویی بێت یان بە مردوویی. 
 
"قەسابی خان یونس"
 
رۆژی 12-02-2024، ئیسرائیل ڤیدیۆی یەکێک لە توونێلەکانی حەماسی بڵاوکردەوە کە تێیدا ژن و منداڵیش دەردەکەون. لە ڤیدیۆکەدا پیاوێک دەردەکەوێت کە بە گوتەی ئەوان یەحیا سنوارە و مێژووی ڤیدیۆکە بۆ 10-10-2023 دەگەڕێتەوە.
 
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ڤیدیۆکە تەنیا سێ رۆژ لەدوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل تۆمارکراوە.
 
هەمان رۆژ دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیمان، ڤیدیۆیەکمان دۆزییەوە کە تێیدا بکوژ و سەرکردەی حەماس یەحیا سیوار پێشان دەدات لەگەڵ منداڵەکانی و یەکێک لە هاوژینەکانی هەڵدێت".
 
لە سەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، ئیسرائیل نەیشاردووەتەوە کە کوشتنی یان دەستگیرکردنی سنوار، یەکێکە لە ئامانجەکانیان. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سیوار بە "قەسابی خان یونس" ناو دەبات.
 
سنوار و لیستی رەشی ئەمریکا
 
یەحیا سنوار، یەکێکە لە داواکراوەکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ساڵی 2015وە لە لیستی رەشی ئەو وڵاتەدا ناوی هەیە و بە "تیرۆریست" هەژمار کراوە.
 
شەوی رابردوو، 06-08-2024، ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئوسترالیا یەکەم لێدوانی لەبارەی سەرۆکە نوێیەکەی بزووتنەوەی حەماس دا.
 
بلینکن گوتی، بڕیار لای سنوارە ئەگەر بیەوێت ئاگربەستی غەززە سەربخات کە لە بەرژەوەندیی زۆرینەی فەڵەستینییەکانە و لە دۆخێکی سەختدان.
 
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان: سنوار و نەتەنیاهوو تاوانبارن
 
رۆژی 20-05-2024، داواکارێکی گشتی لە دادگەی نێودەڵەتیی تاوان رایگەیاند، "لەسەر بنەمایەکی بڕواپێکراو و ئەو بەڵگەنامانەی کۆکراونەتەوە و لەلایەن نووسینگەکەمەوە لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری یۆئاڤ گاڵانت بەرپرسیارن لەو تاوانانەی لەنێو خاکی دەوڵەتی فەلەستین کراون".
 
کەریم خان گوتی، "سێ سەرکردەی باڵای حەماس؛ یەحیا سنوار، محەممەد زێف و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسن لەو تاوانانەی لەنێو خاکی ئیسرائیل دژی مرۆڤایەتی کرا، وەکو تاوانی جەنگیش هەژمار دەکرێت".
 
کەریم خان داوای کرد، بە تۆمەتی "برسیکردن، کوشتنی بە ئەنقەست و کۆمەڵکوژی" فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانە دەربکرێت.
 
داواکاری گشتیی رایگەیاند، سەرکردەکانی حەماس تۆمەتبارن بە "کۆمەڵکوژی، کوشتن، بە بارمتەگرتن، دەستدرێژیی و تووندوتیژیی سێکسی، ئەشکەنجەدان، کاری نامرۆڤانە، مامەڵەی خراپ و شکاندنی شکۆ".
 
حوکمی 426 ساڵ زیندانیکردن بۆ سنوار
 
یەحیا سنوار چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە.
 
سنوار لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازێکی ئیسرائیلی، ئازاد کرا.
 
سنوار 23 ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بەسەربردووە. لەنێو زیندان خۆی فێری زمانی عیبری کردووە. دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە ساڵی 2012 بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسیارێتیی باڵی سەربازیی کەتائیبی عیزەدین قەسامی پێدرا.
 
" کاتێک لە زیندان بوو، هەڕەشەی لە سەربازەکان دەکرد"
 
یەعقووب ئیمانوێل، پێشتر بەرپرسی ئەو زیندانە بووە کە سنواری تێدا بووە. لەبارەی هەڵسوکەوتی ئەو پیاوە قسەی بۆ رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی کردووە و دەڵێ: سنوار هەڕەشەی لە پاسەوانەکان دەکرد و دەیگوت "چاوەڕێبن، رۆژێک دادێ ئازاد بکرێم و لێپرسینەوە لەگەڵ هەمووتاندا بکەم".
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پێشووی زیندانی ئەمنی لە ئیسرائیل، قسەکانی سنوار "ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو پاسەوانەکاندا دروست دەکرد".
 
یەحیا سنوار کێیە؟
 
یەحیا سنوار لە ساڵی 1962 لە کەمپی خان یونس لەدایکبووە. خێزانەکەی لە شەڕی (عەرەب و ئیسرائیل)دا لە ساڵی 1948 لە ئەلمەجدال عەسقەلان دەرکراون یان ھەڵاتوون. یەکێک بوو لە ھاودامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنی حەماس. ساڵی 2011 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئیبراهیم.
 
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی سەر بە دەزگای پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) تەواو کرد، بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێندووە، ساڵی 2017 بە سەرۆکی حەماس لە کەرتی ‌‌غەززە دەستنیشانکرا کە دەیکردە کەسی دووەم، واتە لە دوای ئیسماعیل هەنییە.
 
سنوار، چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە. لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، لە بەرامبەر گیلعات شالیت، ئازاد کرا.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:02

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: دەگەینە هەموو تیرۆریستێک و لەنێویان دەبەین

 
لە سەروبەندی دەنگۆی کوژرانی یەحیا سینوار، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پۆستێکی کردووە و دەڵێت: "دەگەینە هەموو تیرۆریستێک و لەنێویان دەبەین."
 
یەحیا سینوار جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە بوو کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە تاران کوژرا. پۆستەکەی باڵاترین پۆستە لەنێو بزووتنەوەی حەماس. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

16:48

رادیۆی سوپای ئیسرائیل: یەحیا سینوار کوژراوە

رووداو
 
رادیۆی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تەلئەڤیڤ وڵاتانی ناوچەکەی لە کوژرانی یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی حەماس و جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییەی ئاگادار کردووەتەوە. 
 
تائێستا بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەفەرمی کوژرانی سینواریان رانەگەیاندووە.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

16:33

دەستەی پەخشی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار رادەگەیێنێت

یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس.
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشێکدا "سێ تیرۆریست"یان کوشتووە و گومان دەکەن یەحیا سنوار کوژرابێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 17-10-2024 سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنێکی نێو کەرتی غەززە، سێ تیرۆریستمان کوشت. ئاژانسە بەرگرییەکانی ئیسرائیل خەریکی پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی یەحیا سنوارن. لەم قۆناخەدا، ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا ناکەین".
 
یەحیا سنوار پێشتر سەرۆکی باڵی سەربازیی حەماس ناسراو بە (کەتیبەکانی قەسام) بوو، دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەستنیشانکرا.
 
یەحیا سنوار، یەکێکە لە سەرکردە سەربازییە تووندەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئەو بە ئەندازیاری توونێلەکانی حەماس دادەنرێت و لەبەرئەوەش ناسناوی "پیاوی توونێلەکان"ی پێدراوە. هەروەها ئیسرائیل بەوە تۆمەتباری کردووە کە پلانداڕێژەری یەکەمی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری دادەنێت کە تێیدا هەزار و 189 ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 200یش بە بارمتە گیران.
 
سنوار، بە پیاوێکی تووند ناسراوە، تەنانەت لەگەڵ بەرپرسانی سەرووی خۆشییەوە تووند بووە و زۆر جار ملکەچی فەرمانەکان نەبووە، بۆیە بەشێکی ئیسرائیلییەکان بە سەرۆکی غەززە ناساندوویانە.
 
رۆژی 12-02-2024، ئیسرائیل ڤیدیۆی یەکێک لە توونێلەکانی حەماسی بڵاوکردەوە کە تێیدا ژن و منداڵیش دەردەکەون. لە ڤیدیۆکەدا پیاوێک دەردەکەوێت کە بە گوتەی ئەوان یەحیا سنوارە و مێژووی ڤیدیۆکە بۆ 10-10-2023 دەگەڕێتەوە.
 
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ڤیدیۆکە تەنیا سێ رۆژ لەدوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل تۆمارکراوە.
 
یەحیا سنوار لە ساڵی 1962 لە کەمپی خان یونس لەدایکبووە. خێزانەکەی لە شەڕی (عەرەب و ئیسرائیل)دا لە ساڵی 1948 لە ئەلمەجدال عەسقەلان دەرکراون یان ھەڵاتوون. یەکێک بوو لە ھاودامەزرێنەرانی دەزگای ئەمنی حەماس. ساڵی 2011 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و کوڕێکی هەیە بە ناوی ئیبراهیم.
 
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی سەر بە دەزگای پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) تەواو کرد، بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێندووە، ساڵی 2017 بە سەرۆکی حەماس لە کەرتی ‌‌غەززە دەستنیشانکرا کە دەیکردە کەسی دووەم، واتە لە دوای ئیسماعیل هەنییە.
 
سنوار، چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە. لە ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 20 ساڵ بوو، بۆ یەکەم جار دەستگیر کرا. دوای شەش مانگ ئازاد کرا. لە ساڵی 1985 جارێکی دیکە دەستگیرکرا و ئەم جارە هەشت مانگ لە زیندان مایەوە. لە ساڵی 1988 جارێکی دەستگیرکرایەوە و بە 426 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لە 2011 لەگەڵ زیاتر لە هەزار کەسی دیکە، لە بەرامبەر گیلعات شالیت، ئازاد کرا.

 

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە