بەرپرسانی ئێران وەڵامی گوتەیەکی بەڕێوەبەری گشتیی TRT تورکی دەدەنەوە: رێوشوێن دەگرینەبەر

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئێران بە فەرمیی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT دەربڕی کە گوتبووی، ناچارن ئێران بێزار بکەن.  
 
عەباس ساڵحی، وەزیری کولتووری ئێران ناڕەزایەتی و نیگەرانیی ئێرانی لەوبارەیەوە گەیاندە فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا. بەرپرسێکی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانیش دەڵێت، "مافی خۆمانە رێوشوێنی گونجاو بگرینەبەر."
 
کاردانەوەی بەرپرسانی ئێران لە بەرامبەر گوتەکانی محەممەد زاهید سۆباجی، بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT بەردەوامە، کە چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو: "لە کۆتایی ئەم ساڵ کەناڵی TRTـی فارسی دەکەینەوە و ناچارین ئێران بێزار بکەین."
 
ئەحمەد نۆرۆزی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران کە بە دامەزراوەی دەنگ و رەنگی ئێران دەناسرێت، وەک کاردانەوەی بەرامبەر قسەکانی سوباجی رایگەیاند، "پێویستە بەرپرسانی تورکیا سەرکۆنەی ئەو جۆرە لێدوانانە بکەن"و جەختی لەوە کردەوە، "گرتنەبەری رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی گونجاو بە مافی خۆیان دەزانن."
 
ئەحمەد نۆرۆزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆی گوتەکانی بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRTی بڵاوکردەوە و گوتی: "لە کاتێکدا کە سەرنجمان لەسەر راپۆرتکردنی کوشتاری رۆژانەی رژێمی زایۆنی لە فەلەستین و لوبنان و سەرقاڵنەکردنە بە لێدوانی ناتەندروست و بێ وریایی، مافی خۆمانە رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی گونجاو بگرینەبەر. ئێمە لە دامەزراوەی دەنگ و رەنگ هیوادارین بەرپرسانی تورکیا بە شێوەیەکی گونجاو سەرکۆنەی ئەو لێدوانانە بکەن و ئەم بابەتە روونبکەنەوە."
 
هەروەها بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، سەید عەباس ساڵحی، وەزیری کولتووری ئێران لەبارەی لێدوانەکەی بەڕێوەبەری TRT پەیوەندی بە فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا کردووە و رەخنە و گلەییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەوبارەیەوە ئاراستەی کردووە.
 
وەزیری کولتووری ئێران بە فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیای گوتووە: "لێدوانەکانی ئەمدواییەی بەشێک لە بەرپرسانی میدیای تورکیا بووەتە هۆی نیگەرانیی بیروڕای گشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە خۆیانی لێ بەدوور بگرن."
 
عەباس ساڵحی رایگەیاندووە، "لە چەند مانگی رابردوودا رێوشوێن لە بواری هاوکاری میدیایی نێوان هەردوو وڵات گیراوەتەبەر، ئێمەش ئامادەکاریی تەواومان هەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری میدیایی کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندی و ئامانجە باڵاکانی هەردوو وڵات."
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لەوەشکردووە، جگە لە پتەوکردنی هاوکاریی دوو لایەنە، پێویستە گرنگی بە ژینگەی راگەیاندن و رای گشتیی هەردوو وڵات بدرێت و هەوڵبدرێت هاوکارییەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندی هەر دوو نەتەوە بێت، بۆ ئەوەش لێدوان و هەڵوێستی بەرپرسە فەرمییەکان گرنگییەکی زیاتریان هەیە.
 
بە گوتەی ساڵحی، رێبازی بنچینەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دراوسێکانی، لە نیو دراوسێکانیشدا تورکیا پێگەیەکی تایبەت و بەرچاوی هەیە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دڵتەنگیی خۆی لە بەرامبەر قسەکانی بەڕێوەبەری TRT دەربڕیوە و رایگەیاندووە، "ئاراستەی حکومەتی تورکیا پتەوکردنی دۆستایەتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
فەخرەدین ئاڵتوون ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەم دواییانەدا هەڵە تێگەیشتنێک لە بەرامبەر لێدوانە ناتەواوەکانی یەکێک لە بەرپرسانی میدیاییمان هەبووە، دەمەوێت دەرفەتەکە بقۆزمەوە و بە راگەیاندنی دڵتەنگیمان جەخت لەوە بکەمەوە کە رێبازی سەقامگیری حکومەتی تورکیا بریتییە لە پتەوکردنی دۆستایەتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەتەوە و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکاندا و هەر لێدوانێکی پێچەوانەی ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵوێستی سەرۆککۆمار و حکومەتی تورکیا نییە."
 
فەخرەدین ئاڵتوون هەروەها کۆبوونەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، هەردوو سەرۆککۆمار جەختیان لە پێویستی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لە هەموو بوارێکدا کردەوە.
 
رۆژی 13ی تشرینی یەکەمی 2024، محەممەد زاهید سۆباجی، بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT، لە گوتارێکدا لە زانکۆی بورسا رایگەیاند، "لە کۆتایی ئەم ساڵ کەناڵی TRTـی فارسی دەکەینەوە. ئێمە لە دۆخی تێکدان و بێزارکردنی ئێرانداین. ناچارین ئێران بێزار بکەین."
 
لە تورکیا، ئۆمیت ئۆزداغ، سەرۆکی گشتیی پارتی زەفەر لە بەرامبەر قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا کاردانەوەی نیشاندا و قسەکانی زاهید سۆباجیی رەتکردەوە. ئۆزداغ رایگەیاند،" TRT لە دژی ئێران دەست بە پەخش دەکات. بە بڕوای من ئەمە هەنگاوێکی هەڵەیە."
 
هەروەها دۆغۆ پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن رەخنەی تووندی لە قسەکانی بەڕێوەبەری TRT گرت و گوتی، "لێدوانەکانی بەڕێوەبەری TRT لەگەڵ ئەتەکێتی دیپلۆماسی ناگونجێت و تەنیا لایەنگرانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن لێدوانی لەو شێوەیە بدەن. ئەو شتەی ئێران بێزار بکات، ئەمەریکا و ئیسرائیل دڵخۆش دەکات."
 
دۆغۆ پەرینچەک دەڵێت، "رۆڵی TRT ئەوە نییە کە درز دروست بکات لەگەڵ دۆستانی راستەقینەی تورکیا، یان شێواندنی پەیوەندییەکانی، یان دروستکردنی نیگەرانی بۆ دراوسێکانی. دۆستایەتی ئێران بۆ تورکیا زۆر گرنگە و بەبێ ئێران هیچ چارەسەرێک بۆ پلانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نییە."
 
TRT، دامەزراوەی فەرمیی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی حکومیی تورکیایە و ساڵی 1964 دامەزراوە و بە 41 زمان و شێوەزار پەخشی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە