وەزیری دەرەوەی تورکیا: کاتی ئەوە هاتووە فەلەستین دەوڵەت بێت و قودسیش پایتەختی بێت

17-10-2023
نیشانەکردن هاکان فیدان شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی رژد بنێت بۆ (چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین) و، بنیاتنانی دەوڵەتی فەلەستین لەسەر سنووری 1967 کە پایتەختەکەی قودس بێت."
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا بوحەبیبی هاوتا لوبنانییەکەی قسەی بۆ میدیاکاران کرد و رایگەیاند، "ئەم جەنگەش وەکو زۆر جەنگی گەورەی دیکەش، دەشێ ئاشتییەکی مێژوویی بەدوایدا بێت. سەرۆککۆمارمان باوەڕی بە بەدیهاتنی ئەگەری ئاشتییەکی مێژوویی هەیە".
 
هاکان فیدان گوتیشی: "ئەوەی لە دەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی شەڕەکە کاریگەریی ناسەقامگیری لەسەر ناوچەکە و لەسەرووی هەموویانەوە لوبنان، میسر و ئوردن نەبێت".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی: "خاکی کەسێک داگیر دەکەیت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دادەگریت، دەری دەکەیت، یەکێکی دیکە دێنی و لەوێ نیشتەجێی دەکەی و پێی دەڵێی 'نیشتەجێبوو'. ئەوە ناوی دزێتییە".
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس برینداربوون.
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا لانیکەم دوو هەزار و 808 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و نۆ هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون، 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە