سەتان هەزار هاووڵاتیی غەززە ئاوارەی قوتابخانەکان بوون و ئاو و خۆراکیان دەستناکەوێت

17-10-2023
محەممەد سالم
دۆخی ئاوارەبووەکانی نێو قوتابخانەکانی غەززە
دۆخی ئاوارەبووەکانی نێو قوتابخانەکانی غەززە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو غەززە

لەژێر بۆردوومانى چڕى ئیسرائیل، سەتان هەزار هاووڵاتیی فەلەستینى ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ قوتابخانەکان ببەن، بەڵام لەوێوە چیرۆکی نەهامەتییەکی نوێیان دەستپێدەکات.
 
ئاوارەکانی نیشتەجێی قوتابخانەکان گلەیی ئەوە دەکەن؛ پێداویستییە سەرەتاییەکانى ژیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بەردەست نییە. 
 
محەممەد ئەبوروک، یەکێک لە ئاوارەبووەکانە، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "ئەو نەهامەتییەی تێدا دەژین لە قوتابخانەکاندا، وێنەى لە هیچ شوێنێکى دیکە نییە؛ نە ئاو نە نان، هیچ شتێک نییە، وەک ئەوەى دەیبینن ئاوارەکان لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوونەتەوە و وایلێھاتووە مردن باشترە لە ژیان لێرە، خزمەتگوزارییەک نییە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆمان دابین بکەن."
 
بەردەوامیی بۆردوومان و هەڕەشەکانى ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانى هێرشی زەمینى بۆ سەر شارى غەززە، وایکردووە ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتییان بەدواى شوێنى ئارامدا بگەڕێن، کە زیاتر پەنا بۆ قوتابخانەکان دەبەن بەڵام قوتابخانەکانیش توانای لەخۆگرتنى ئاوارەکانیان کەمە، ئەوە جگە لە هۆشداریدان لەبارەى بڵاوبوونەوەى پەتا بەتایبەت لەنێو منداڵان و بەساڵاچووان.
 
ئاوارەیەکی دیکەی غەززە بەناوی شەرەف شامى دەڵێ "نەهامەتییەکی گەورەمان هەیە، ئێرە تەنیا بەناو پەناگەیە، خزمەتگوزارى تێدا نییە، ئێمە لێرە لە مردنێکى بە کۆمەڵداین، ئاو و خۆراک نییە، هیچ بنەمایەکى ژیانى بۆ خەڵک تێدا نییە."
 
سۆزان ئەبو عید، ئاوارەیەکی دیکەیە و گلەیی دەکات، دەڵێ "مافى مرۆڤ لەکوێیە؟ تاوانى ئەو منداڵە ئاوارانە چییە لەم قوتابخانەیەدا کە نە خۆراک هەیە نە دەرمان و نە ئاو. دەپرسین کوا دامەزراوەکانى مافى مرۆڤ؟ داوادەکەین هاشێوەى منداڵانى جیهان، مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانماندا بکرێت."
 
ئاژانسى ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارى دەدات لە روودانى کارەساتێکی مرۆیی بۆ نیو ملیۆن ئاوارە کە پەنایان بۆ قوتابخانەکان بردووە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى رێکخراوەکە ناتوانێت پێداویستییەکان دابینبکات لەبەر بەردەوامیى بۆردوومانەکان و داخستنى دەروازەکان.      
 
بەردەوامیی بۆردوومان و جەنگى ئێستا، واتاى بەردەوامیی کۆژانی دانیشتووانى کەرتى غەززە و کۆژانێکى زیاتر بۆ ئاوارەکان کە لە قوتابخانەکاندا ژیانیان ئەستەمتر بووە.

 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە