هەموو ئەوەی پێویستە لەبارەی تەقینەوەکانی لوبنان بیزانیت
رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەتان ئامێری پەیوەندیی ناسراو بە (پەیجەر) کە لەلایەن ئەندام و چەکدارانی حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێنرێن، تەقینەوە. بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی لوبنان، لانیکەم نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی سێ هەزار کەس برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا شەوی 17-09-2024 بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەهۆی برینداربوونیانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان."
"لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە برینەکانیان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرێکی وایەرلێسەوە بووە. داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە ئەو ئامێرەیان هەیە، خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور بگرن." وەزارەتی تەندروستیی لوبنان وای گوت.
لەنێو ئەو کەسانەی کە کوژراون، کچی یەکێک لە ئەندامانی حیزبوڵڵا هەیە، لە کاتی تەقینەوەی پەیجەرەکەی باوکی گیانی لەدەستداوە.
یەکێک لە بریندارەکان موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێرانە لە بەیرووت، میدیای فەرمیی ئێران باس لەوە دەکات کە برینەکەی سووکە.
تاریق ئەبو زەینەب، لێکۆڵینڤان لە بەیرووت کە میوانی بوڵتەنی کۆڕۆژی رووداو بوو رایگەیاند، "زیاتر لە پێنج هەزار کەس بریندارن کە سەرجەمیان چەکدار و ئەندامی حیزبوڵڵا بوون و لە کاتی پشوودا بوون، جگە لەوانەی لوبنان؛ لە سووریاش چەکداری حیزبوڵڵا هەبوون کە ئەو ئامێرەیان پێبووە و پێیاندا تەقیوەتەوە، بەدڵنیاییەوە لەوێش کوژراو و برینداری زۆر هەن."
گوتیشی، "ئەو ئامێرە سێ مانگ لەمەوپێش لە ئێرانەوە هاوردەی لوبنان کراون و رەنگە تەقەمەنییان تێدا دانرابێت."
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان دەڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ لە لوبنان روویدا، پێشهاتێکە زۆر جێگەی نیگەرانییە."
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکان کرد خۆیان بەدوور بگرن لە کاردانەوەی تووندئاژۆیانە کە دەبنە هۆی "ئاگرێکی فراوانتر کە هیچ کەس ئامادە نییە بۆی."
رێبوار عەلی، پێشکێشکاری رووداو بە گرافیک بۆتان رووندەکاتەوە پەیجەر چییە و چۆن کار دەکات و بۆچی بەکاردێت
پەیجەر ئامێرێکی وایەرلێسە و تایبەتە بەپەیوەندیکردن لە رێگەی تێکستی کورت یانیش تەنیا پێشاندانی ژمارەی ئەو کەسەی کە پەیوەندی کردووە. پێش کەوتنەبازاڕی مۆبایل، خەڵکێکی زۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکدی بەکاریان دەهێنا.
هاوکات حیزبوڵڵا و حەماس باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل لە پشت تەقاندنەوەی ئامێرەکانەوەیە، بەڵام ئیسرائیل هیچ شتێکی لەوبارەیەوە نەگوتووە.
هەروەها کارین ژانپیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "باوەڕمان وایە کە دەبێ چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئەم دۆخە هەبێت."
چەندین راپۆرتی نافەرمیی لە نێوخۆی لوبنان و لە دەرەوەی لوبنانش ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل لە پشت تەقینەوەی پەیجەرەکانەوە بووە و لەو رێگەیەوە ئەندامانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
هەر ئەمشەو سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا تیمی پزیشکی و فریاگوزاریی رەوانەی لوبنان بکرێت. گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا و هەڕەشەکانی ئیسرائیل "پێویستیان بە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە".
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەستی ئەوانی تێدانییە و لەسەر ئاستی باڵا ئاگاداری رووداوەکە نین، لەبارەی رووداوەکەوە زانیاریی کۆدەکەنەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە کە ئەمریکا نازانێت لەبارەی ئەو رووداوەوە کێ بەرپرسیارە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە کە ئەمریکا نازانێت لەبارەی ئەو رووداوەوە کێ بەرپرسیارە.