راپرسییەک: زۆربەی فەلەستینییەکان هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل بەهەڵە دەزانن

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راپرسییەک، زۆربەی فەلەستینییەکانی غەززە پێیان وایە هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردوودا هەڵە بووە. زۆربەی فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاواش هەمان بۆچوونیان هەیە.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، ناوەندی فەلەستینی بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسی - PSR ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە سەرەتای ئەم مانگە لەنێو فەلەستینییەکان لەبارەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کردوویەتی.
 
لە راپرسییەکەدا هەزار و 200 کەس رووبەڕوو قسەیان لەگەڵ کراوە؛ 790 کەسییان دانیشتووی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین و 410 کەسیشیان دانیشتووی غەززە بوون. 
 
ئەنجامی راپرسییەکە بەو جۆرەیە کە 57٪ـی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەهەڵە دەزانن و 39٪ـیشیان بە راستی دەزانن. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە بۆچوونی فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاواوە هەیە، 64٪یان گوتویانە ئەو هێرشەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردوودا کردی هەڵە بوو. 
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵیشدا ناوەندەکە راپرسییەکی لەنێو دانیشتووانی غەززە کرد. لەو کاتەدا 57٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە هێرشەکەی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل بەڕاست زانی. 
 
لەبارەی ئەو تاوانانەی دەخرێنە پاڵ چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا، دامەزراوە فەلەستینییەکە دەڵێت، "نزیکەی 90٪ـی فەلەستینییەکان پێیان وایە حەماس ئەو تاوانانەی ئەنجام نەداون".
 
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار دەستیپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون؛ نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتەگیران. 
 
لە وەڵامی ئەوەدا ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 295 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.