لە تەقینەوەی ئامێرەکانی لوبنان 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 2800یش برینداربوون

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ڤیدیۆکە: گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانە
ڤیدیۆکە: گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانە
نیشانەکردن تەقینەوە لە لوبنان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەتان ئامێری پەیوەندی ناسراو بە پەیجەر کە لەلایەن ئەندام و چەکدارانی حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێندرێن، تەقینەوە و بەهۆیەوە بەپێی تەندروستیی لوبنان، دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و هەشت کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەهۆی برینداربوونیانەوە روویان لە نەخۆشخانەکانی لوبنان کردووە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە برینەکانیان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرێکی وایەرلێسەوە بووە. داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە ئەو ئامێرەیان هەیە، خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور بگرن." 
 
یەکێک لە بریندارەکان باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت، موجتەبا ئەمانییە. میدیای فەرمیی ئێران باس لەوە دەکات برینەکەی سووک بێت. 
 
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.
 
ئەو ئامێرەی لە نێوخۆی گرووپەکەش بەکاریان هێنا، پەیجەر بوو. 
 
پەیجەر ئامێرێکی وایەرلێسە و تایبەتە بەپەیوەندیکردن لە رێگەی تێکستی کورت یانیش تەنیا پێشاندانی ژمارەی ئەو کەسەی کە پەیوەندی کردووە. پێش کەوتنەبازاڕی مۆبایل، خەڵکێکی زۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکدی بەکاریان دەهێنا.

 

 
هاوکات حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل لە پشت تەقاندنەوەی ئامێرەکانەوەیە، بەڵام ئیسرائیل هیچ شتێکی لەوبارەیەوە نەگوتووە. 
 
چەندین راپۆرتی نافەرمی لە نێوخۆی لوبنان و لە دەرەوەی لوبنانش ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل لە پشت تەقینەوەی پەیجەرەکانەوە بووە و لەو رێگەیەوە ئەندامانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج. 

لەو کاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل رۆژانە شەڕ و پێکدادانیان هەبووە. شەڕی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە ماڵوحاڵی خۆیان رابکەن.

پێکدادانی دوو لایەنەکە تاوەکو ئێستا 623 کەسی لە لوبنان کوشتووە، لەوانەش 142 سڤیلی لوبنانی. لە دیوی ئیسرائیلیش، بەپێی ئەو زانیارییانەی خراونەتەڕوو، 24 سەرباز و 26 سڤیل کوژراون.

لە کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ، ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاکەیان هێرشێکی پلاندانراوی گرووپە لوبنانییەکەیان پووچەڵکردووەتەوە بۆ ئەوەی هێرشبکەنە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل هەروەها بڵاویکردەوە، ئەو رۆژە چەندین هەزار مووشەکهاوێژی حیزبوڵڵایان تێکشکاندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیو میلەر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: رێگەدان بە حەماس و حووسییەکان سەقامگیریی عێراق تێکدەدات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر رێگە بە گرووپی حەماسی فەلەستینی و حووسییەکانی یەمەن بدرێت لە عێراق کار بکەن، ئەوا ئامانجەکانی عێراق بۆ سەقامگیری، سەروەری و پێشڤەچوونی ئابووری تێکدەدەن.