بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوە دەیان ئەندامی حیزبوڵڵا بریندار دەبن


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی سەیردا کە وا دیارە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بووە، ژمارەیەک ئامێری ئەلیکترۆنی کە بۆ نامەناردن و ئاگادارکردنەوە بەکاردێن، لە لوبنان تەقینەوە و دەیان کەس لە ئەندامی حیزبوڵڵا بریندار بوون.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە گرووپەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، تەقینەوەی ئامێرەکان بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنیی ئیسرائیلەوە بووە. 
 
ئامێرەکان پێیان دەگوترێت "پەیجەر"، بە زۆری لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکان پێش کەوتنەبازاڕی مۆبایل بەشێوەیەکی فراوان، بەکاردەهێندران. 
 
 
بەپێی میدیای لوبنان، تەقینەوەکان لە باشووری بەیرووت کە بە شوێنی سەرەکیی چەکدارانی حیزبوڵڵا دادەنرێت و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی لوبنان روویانداوە. 

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، حیزبوڵڵا هۆشداری بە ئەندامانی دابوو کە جگە لەو سیستەمی پەیوەندییەی کە خۆی دیاریکردووە، نابێت ئامێرەکانی دیکەی پەیوەندیکردن بەکاربهێنن و هۆشداری دابوو لەوەی ئیسرائیل لەوێوە هێرشیان دەکاتە سەر. 

لە راگەیێندراوەکەی ئاژانسی هەواڵیی لوبناندا هاتووە، دەیان بریندار بەهۆی تەقینەوەکەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە، موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە لوبنان بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە بریندار بووە.