ئەمریکا بێزاریی خۆی بەرامبەر بۆردوومانکردنی قوتابخانەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە نیشاندەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنی قوتابخانە، کارمەندی مرۆیی و خەڵکی سڤیل لە غەززە تۆمەتبار دەکات، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی بێزاریی ئەمریکا لە هاوپەیمانەکەی، لە کاتێکدا دەستپێکردنی جەنگەکە لە ساڵێک نزیک دەبێتەوە.
 
لیندا تۆماس گرینفێڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رەخنەی راشکاوانەی لە ئیسرائیل گرت و گوتی، زۆر لەو هێرشە ئاسمانییانەی بەم دواییە بوونە هۆی کوژرانی کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان، "دەکرا رێگرییان لێکرابا."
 
ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە باسیان لە هێرشی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کرد، کە بووە هۆی کوژرانی 18 کەس، کە ژن و منداڵ و 6 کارمەندی مرۆیی ئاژانسی یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستینی (ئونروا)یان لەنێودا بوون.
 
قوتابخانەکە لەلایەن ئونرواوە بەڕێوەدەبردرێت، ئێستا کراوەتە پەناگەی ئاوارەکان.
 
ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئەو قوتابخانەیە لەلایەن حەماسەوە وەکو "ناوەندی فەرماندەیی" بەکاردەهێندرا.
 
دانی دەینن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا گوتی، چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەدا کوژرابوون. باڵیۆزەکە ناوی چوار کەسی هێنا، گوایە بە رۆژ لەگەڵ ئونروا و بە شەویش لەگەڵ حەماس کاریان کردووە.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە هێرشەکە بکرێت.
 
گرینفێڵد بە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، ئەمریکا بەردەوام باس لەوە دەکات، پێویستە ئیسرائیل ئاسانکاری بۆ کاری مرۆیی لە ناوچە فەلەستینییەکان بکات و کارمەندانی مرۆیی و پەناگەکانی سەر بە ئونروا بپارێزێت.
 
هەروەها جەختی لە "توڕەیی" ئەمریکا کردەوە بەرامبەر کوشتنی ئایشەنوور ئەیگی، چالاکڤانی ئەمریکیی بە رەچەڵەک تورک، کە هەفتەی رابردوو بە دەستی سەربازانی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا کوژرا. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، "رەنگە بە هەڵە" کچە چالاکڤانەکەیان کوشتبێت، گوایە حکومەت دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل سوپایەکی پیشەگەرن و باش دەزانن چۆن رێگری لە دروستبوونی ئەم جۆرە رووداوانە بکەن."
 
گرینفێڵد گوتیشی، ئەمریکا چاوەڕێی ئەوە لە سەرکردەکانی سوپای ئیسرائیل دەکات، "گۆڕانکاریی ریشەیی" لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا بکەن، لە نێویاندا یاسای شەڕکردن،  بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیان بە چالاکییە مرۆییەکان نەگەیێنن و قوتابخانە و خەڵکی سڤیل نەکەنە ئامانج. 
 
گرینفێڵد دوای ئەوە قسەی کرد، سیگرید کاگ، رێکخەری نەتەوە یەگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوەی غەززە رایگەیاند، کەرتەکە بووەتە "دۆزەخی سەر زەوی" بۆ دوو ملیۆن کەس و گوتی، نەبوونی رێوشوێن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل "بێوژدانییە."
 
کاگ بە ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند، جەنگ ناوچە فەلەستینییەکەی گۆڕیوە بۆ "چاڵی ئاگر."
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 41 هەزار فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 
 
کاگ ئاماژەی بەوە کرد، رێوشوێنی نایاسایی و فەرمانەکانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی گەڕەکەکان، شەڕ و بارودۆخی زەحمەت، بوونەتە رێگر لە بەردەم کاری مرۆیی. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل رێگە بە کارمەندە مرۆییەکان نادات کاری خۆیان بکەن.