تەندروستیی لوبنان: 10 سووریایی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کوژران

دوێنێ کاژێر 10:51
بژار زوبێر @BBashqaly
ئەمە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان دادەنرێت
ئەمە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان دادەنرێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، 10 سووریایی کوژران. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، کۆگەیەکی چەکی حیبزوڵڵای لوبنانی لەوێ کردووەتە ئامانج. 
 
ئەوە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان دادەنرێت لەوەتەی لە دوای جەنگی غەززەوە شەڕ لەنێوان حیزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکردووە.
 
نێوەندگیرانی نێودەوڵەتی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئیسرائیل و حەماس بگەیێننە رێککەوتن لەپێناو وەستاندنی جەنگی غەززە. دیپلۆماتەکان دەڵێن، بە بەدیهاتنی ئەو رێککەوتنە، دەکرێت رێگری لە دروستبوونی جەنگێکی فراوان لە لوبنانیش بکرێت.
  
ژنێک و دوو منداڵی لە نێو ئەو کەسانەدا بوون، کە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کوژران. پێنج کەسی دیکەش بەهۆی هەمان هێرشەوە برینداربوون، کە ئەوانیش زۆربەیان سووریایی بوون، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی پێکردووە.
 
میدیای فەرمیی لوبنانی دەڵێت، هەموو ئەوانەی بەر هێرشەکە کەوتوون، پەنابەر و کرێکاری سووریایی بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل لە کەناڵی تەلەگرامەکەیەوە گوتی، هێزی ئاسمانییان کۆگەیەکی چەکی حیزبوڵڵای لە ناوچەی نەبەتییە بۆردوومانکردووە، کە 12 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاڵی سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. 
 
دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل، حیزبوڵڵا رایگەیاند، بە وەشاندنی گورزێک مووشەکی کاتیۆشا لە ناوچەی ئەیلییەت هەشاحەر لە باکووری ئیسرائیل، وەڵامیداوەتەوە.  
 
بەگوتەی سوپای ئیسرائیل، هیچیەک لەو 55 مووشەکە زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام لە چەند شوێنێک بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.  
 
بەگوتەی سوپای ئیسرائیل، پێشتر، مووشەکێک کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوو، ببووە هۆی برینداربوونی دوو سەرباز لە ناوچەی میسگەڤعام، کە یەکێکیان برینەکەی سەخت بوو.
 
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان؛ تەنگژەی زیاتر ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 30ـی تەممووز، فوئاد شوکر، فەرماندەی هەرە باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا. 
 
هەروەها لە 31ـی هەمان مانگ، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، کە ئیسرائیل پێی تۆمەتبار دەکرێت. ئێران و حیزبوڵڵا دەڵێن، تۆڵەی کوشتنی ئەو دوو سەرکردەیە لە ئیسرائیل دەکەنەوە.  
 
شەڕ و پێکدادانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 850 کەس لە لوبنان، کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵان و 128 کەسی سڤیلیشیان لەنێودایە. 
 
لە سنووری ئیسرائیل و بەرزاییەکانی گۆلانی سووریاش کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە، 22 سەربازی ئیسرائیل و 26 کەسی سڤیل کوژراون. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە