وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو سعودیە بەڕێکەوت

17-08-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن ئێران سعودیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر بانگهێشتی هاوتا سعودیەکەی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی یەک رۆژە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) بە سەردانێک دەگاتە سعودیە و لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لەو سەردانەیدا حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەم وڵاتە کۆدەبێتەوە و "پرسە دوولایەنەکان و پرسەکانی جیهانی ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان لە تەوەری گفتۆگۆکانی نێوانیاندا دەبێت."
 
باسی ئەوەش کراوە؛ عەلیڕەزا عینایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعودیە لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان دەچێتە ریاز و بە فەرمی دەست بە ئەرکی خۆی دەکات.
 
عەلیڕەزا عینایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعودیە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سعودیە لەسەر بانگهێشتی فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیەیە و لەو سەردانەیدا جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە.
 
عەلیڕەزا عینایەتی گوتی، لەماوەی کەمتر لە شەش مانگدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەخێرایی بەرەوپێش چوون و دەشڵێت: "ئێستا باڵیۆزخانەکانی هەردوو وڵات کراونەتەوە و بەم زووانە باڵیۆزی هەردوو وڵات لە تاران و ریاز دەستبەکار دەبن."
 
ئەو سەردانە دەبێتە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سعودیە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا.
 
دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوانیان، فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رۆژی 16-6-2023 لەسەر بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەکەی سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان کۆبووەوە.
 
لەدوای لەسێدارەدانی نەمیر ئەلنەمیر، کەسایەتیی ئایینی شیعەمەزهەبی سعودی لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە لە ساڵی 2016، پاشان هەڵکوتانی خەڵک بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە مەشهەد و سووتاندنی بەشێكیان، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تاران و ریاز پچڕان.
 
لە ساڵی 2021ـەوە بە نێوەندگیریی عومان و هەندێ جار عێراق، ئێران و سعودیە دەستیان بە گفتوگۆ کرد؛ لە ئاداری ئەمساڵدا و بە نێوەندگیریی چین، پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوانیان دەستیپێکردەوە.
 
بەپێی میدیاکانی ئێران، باڵیۆزخانەی سعودیە لە تارانی پایتەختی ئێران لە رۆژی 7-8-2023 بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کردەوە، هەروەها چەند رۆژ دواتر کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشهە کرایەوە.
 
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، ئێران دەستی بە رێکارەکانی تایبەت بە کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی لە سعودیە کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە