زیاتر لە 13 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان چوونەتە عومرە

17-08-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەڕێگەی 22 کۆمپانیاوە گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و وەزارەتی ئەوقافیش بەدواداچوون و سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات و، زیاتر لە 13 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ عومرە چوونەتە عەرەبستانی سعودیە. 
 
رۆژی چوارشەممە 17-8/2022، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی پێنج رۆژە گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی 22 کۆمپانیا دەستیانپێکردووە، کە شەش کۆمپانیا لە هەولێر، حەوت لە سلێمانی، شەش لە دهۆک و سێ لە گەرمیان".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "نرخی عومرە بەپێی جۆری ئەو خزمەتگوزاری و گرێبەستەیە کە عومرەکاران لەگەڵ کۆمپانیاکان دەیکەن، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە پێکهاتووە کە سەرپەرشتی و بەدواداچوون بۆ ئەو گرێبەستانە دەکات کە عومرەکاران لەگەڵ کۆمپانیاکان دەیکەن تاوەکو بزانن گەشتەکە بەپێی نێوەڕۆکی ئەو گرێبەستەیە کە کراوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ عومرەکاران دابین دەکرێت وەک ئەوەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە".  
 
هاوکات دەستەی حەج و عومرەی عێراق ئاماری عومرەکارانی بڵاوکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 216  کەس لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، نەجەف و بەسرە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی عێراقییە و هێڵەکانی دیکە چوونەتە عومرە.
 
دەستەی حەج و عومرە روونیکردەوە کە نۆ هەزار و 903 عومرەکار لەڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا، هەزار و 785 لە فڕۆکەخانەی هەولێر، 880 لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەف و 648 عومرەکاری دیکە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی بەسرە گەشتی عومرەیان کردووە. 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، مەرج نییە ئەوەی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی عومرەی کردبێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە عومرەکارانی پارێزگاکانی دیکە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر گەشت دەکەن، وەک عومرەکارانی پارێزگای نەینەوا.
 
دەستەی حەج و عومرەی عێراقیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی گەشتی عومرەکاران لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بەشێوەیەکی باش و بەبێ بوونی هیچ کێشە و ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە