سێ منداڵی کورد بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە لوبنان گیانیان لەدەست دا

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو هێرشی ئیسرائیلدا پێنج سووریایی لە لوبنان کوژران، سێ لە کوژراوەکان منداڵن و کوردی عەفرینن. خێزانی منداڵەکان دەڵێن "حکومەتی ئیسرائیل بەرپرسە." ئیسرائیلیش دەڵێت "هێرشمان کردووەتە سەر مۆڵگەی حیزبوڵڵا."
 
رۆژی چوارشەممە 17-07-2024، دانیشتووانی گوندی ئوم تووت لە باشووری لوبنان، نزیک سنووری ئیسرائیل، تەرمی پێنج کەسیان بە خاکسپارد. سێ لە کوژراوەکان منداڵ بوون و خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون. 
 
شاهین جەرکەس، باوکی دوو لە منداڵە کوژراوەکانە، ئەو لە ترسی جەنگی سووریا عەفرینی بەرەو لوبنان بەجێهێشت، بەڵام منداڵەکانی لەوێ بوونە قوربانی. 
 
شاهینی 55 ساڵ کە جووتیارە گوتی "وەکو هەموو رۆژێک منداڵەکان خەریکی یاریکردن بوون و لە نزیک خێوەتی خۆیان بوون، منیش لەگەڵ 10 کرێکاری دیکە خەریکی کار بووم. گوێم لە دەنگی تەقینەوە بوو و بەرەو منداڵەکانم رامکرد، بینیم خەڵتانی خوێن ببوون."
 
محەممەد ـی تەمەن حەوت ساڵ و جین ــی تەمەن 10 ساڵ کە کوردی عەفرینن لەو هێرشەدا گیانیان لەدەست دا.
 
 
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی جیاوازی ئیسرائیل لە رۆژی سێشەممە 16-07-2024، لە باشووری لوبنان و گوندی ئوم تووت، پێنج سووریایی کوژران کە سێیان منداڵ بوون. دواتر حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە تۆڵەی ئەو هێرشە، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە.
 
جگە لە محەممەد و جین، منداڵێکی دیکەی 12 ساڵ بەناوی خەلیل محەممەد لەو هێرشەدا و لە هەمان شوێن گیانی لەدەستدا.
 
 باوکی خەلیل کە ئەویش جووتیارە گوتی "دوای هێرشەکە رامانکرد بزانین منداڵەکان چیان بەسەر هاتووە، بینیمان سێ منداڵ کوژراون."
 
رۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە "هێرشمان کردە سەر مۆڵگەیەکی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لە ناوچەی یارین لە نزیک گوندی ئوم تووت."
 
تەرمی ئەو پێنج کەسە لە ناوچەی قاسمیە بەخاکسپێردران. محەممەدی باوکی خەلیل گوتی "ئێمە، لە سووریاوە ئاوارەی ئێرە بووین بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بپارێزین. حکومەتی ئیسرائیل بەرپرسی کوشتنی ئەوانە."
 
ئاژانسی یونیسێفی تایبەت بە منداڵان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی ئەو سێ منداڵە کوردەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد.
 
دوای کوژرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە، حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری دا بە ئیسرائیل "ئەگەر خەڵکی سڤیلی زیاتر بەر هێرشەکان بکەون، چەند شوێنێکی نوێتان دەکەینە ئامانج."
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 هەڵگیرساوە، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل بە نزیکەیی هەموو رۆژێک هێرش دەکەنە سەر سنووری یەکدی. لە شەڕ و تەنگژەکانی ئەو دوو لایەنە، 17 سەربازی ئیسرائیلی و 13 سڤیلیان کوژراون. هەرچی لە بارەی لوبنانە، لەوکاتەوە 511 کەس کوژراون کە لانیکەم 104 کەسیان سڤیلن.