ئەمریکا فڕۆکەی زیاتری F-16 و F-35 دەنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەیەک فڕۆکەی دیکەی جەنگی لە جۆرەکانی ئێف-16 و ئێف-35 رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، ئەمەش بەپێی وەزارەتەکە بۆ بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دڵنیابوون لە ئازادیی هاتووچۆی نێو دەریاکان.
 
رۆژی دووشەممە، 17ی تەممووزی 2023، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ئەو هەنگاوە نوێیەی پێنتاگۆن لە دوای جموجۆڵە هەراسانکارانەی ئێران و رووسیا لە ناوچەکە دێت، کە هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریاکانی کەنداویان خستوونەتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە. 
 
سابرینا سینگ گوتی: "لە بەرامبەر ژمارەیەک رووداوی نەخوازراو لە گەرووی هورمز، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی داوە کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس تۆماس هودنەر لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف - 35 و ئێف - 16 رەوانەی ئەو ناوچانە بکات کە لەژێر چاودێریی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکادایە، بەمەبەستی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پاراستنی ئازادیی هاتووچۆ لەنێو دەریاکانی ناوچەکە. هەندێک لەو فڕۆکانەش بەڕێگەوەن". 
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، داوای لە ئێران کرد بەزووترین کات "کردەوە ناسەقامگیرییەکانی" رابگرێت، کە وەکو خۆی دەڵێت، مەترسی هاتووچۆی بازرگانی لە دەریا ستراتیژییەکان دروست دەکات. 
 
ئەم بڕیارەی پێنتاگۆن لەدوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو ئێران هەوڵیدا لە گەرووی هورمز دەست بەسەر دوو کەشتی نەوتدا بگرێت و تەقەی لە یەکێکیشیان کرد، بەڵام لە دوای گەیشتنی کەشتیی جەنگی سوپای ئەمریکی بەناوی یو ئێس ئێس ماکفۆوڵ، هێزە دەریاییەکانی ئێران کشاونەتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەم بڕیارەی بەرگریی ئەمریکا هەوڵێکیشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لەسەر ئاسمانی سووریا، کە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا چەند جارێک رایانگەیاندووە فڕۆکەکانی رووسیا هەراسیانیان کردوون و گیانی سەربازی ئەمریکیان لە سووریا خستووەتە مەترسییەوە.