رووداو دیجیتاڵ
تاوەبارانێک شاری مەککەی گرتەوە و ئەوەش پلەی گەرمای بە چەند پلەیەک دابەزاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17-06-2024 تاوەبارانێک بەشێکی زۆری شاری مەککەی لە سعودیە گرتەوە، لەوانەش مزگەوتی حەرام.
کەشناسیی سعودیە بڵاویکردەوە، بارانەکە بووە هۆی دابەزینی پلەی گەرما لە 48 پلەی سیلیزییەوە بۆ 41 پلەی سیلیزی و ئەوەش خۆشحاڵییەکی زۆری لای حاجییان دروستکرد.
ئەم بارانە لە کاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا پلەی گەرما لە سنووری مەککە بەرز بووە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر تەندروستیی حاجییان هەبووە و تەنانەت دەیان حاجی لە وڵات و نەتەوەی جیاواز گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی سعودیە دەڵێت، تەنیا رۆژی یەکشەممە 2700 کەس خۆربردوونی، دەیان حاجی خەڵکی وڵاتانی جیهانیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی شەممەوە 10 هاونیشتمانی کە بۆ حەج چووبوونە سعودیە گیانیان لەدەستداوە."
هەروەها 17 هاووڵاتیی تورکیا و هاونیشتمانیی باکووری کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە؛ 4 لەوان خەڵکی باکووری کوردستانن و ناسنامەکەیشیان بەم جۆرەیە: تورهان یەنیجەلی تەمەن 69 ساڵی خەڵکی مەلەتی، عومەر کورتولی تەمەن 73 ساڵی خەڵکی مەڕەش، ساڵیحا گولەنیوزلوی تەمەن 68 ساڵی ئامەد و ئیبراهیم کارچیکی تەمەن 78 ساڵی خەڵکی وان.
لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش سێ حاجی گیانیان لەدەستداوە؛ یەکێکیان کوردێکی خەڵکی قامشلۆ بوو بەناوی حوسێن حەمید؛ یەکێکی دیکەیان ژنێکی خەڵکی منبج بوو؛ منبج شارێکی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، ئەوی دیکەشیان پیاوێکی خەڵکی ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا بوو.
بە گوێرەی مانگی سووری ئێرانیش، حەوت حاجیی خەڵکی ئێران لە مەککە گیانیان لەدەستداوە و 5000 کەسی دیکەش تووشی نەخۆشی بوون. هیچ کام لەو حەوت حاجییە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان نین.
زۆرترینی ئەو حاجییانەی لە مەککە و لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی ئەندەنووسیان. وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، 136 حاجیی خەڵکی وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، 14 حاجیی خەڵکی ئەو وڵاتەش لە مەککە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، 17 حاجیی دیکەش ونبوون.
بەگوێرەی وەزارەتی حەج و عومرەی میسریش، لە رۆژانی رابردوودا 9 حاجی خەڵکی وڵاتەکەی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
کۆنسوڵی گشتیی مەغریبیش لە شاری جیدەی سعودیە رایگەیاند، "گەرما و شێ هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی پێنج حاجیی وڵاتن." ئاماژەی بەوەش کرد، تەندروستیی بەشێک لە حاجییان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێكی وەکو حەج لەو پلە گەرمییەدا گونجاو نەبووە.
روانگەی تونس بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "لە حەجی ئەم ساڵدا 5 تونسی گیانیان لەدەستداوە؛ سیانیان لە یەک خێزان بوون."
حکومەتی سەنیگالیش بڵاویکردەوە، سێ حاجیی خەڵکی وڵاتەکەی لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ