خواردنی زۆربەی خەڵکی غەززە لە جەژنی قوربان پەتاتە و پیازە

17-06-2024
لهۆن نەسرەدین
بەهۆی گەمارۆ تووندەکانی سەر غەززە، بردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆناو غەززە قورسە
بەهۆی گەمارۆ تووندەکانی سەر غەززە، بردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆناو غەززە قورسە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زۆربەی خەڵکی غەززە خواردنی ئەم جەژنەی قوربانیان پیاز و پەتاتەیە، کە لەسەر ئاگرێك بە سووتاندنی دار و دەبە ئامادەی دەکەن. بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە رێگە بە چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان نادرێت، یان زۆر بە ئەستەم هاوکارییە مرۆییەکان دەبرێنە غەززە.
 
زۆربەی غەززەییەکان نە گۆشت و نە برنج و نە شیرینییان نەبوو بۆ ئەم جەژنە، بەڵام لە بەشێکی زۆری وڵاتانەوە قوربانییەکی زۆر بۆ غەززە نێردراوە و لە چاوەڕوانیی کردنەوەی دەروازەکانی چوونە ناو غەززەدان.
 
دایکی محەممەد، ئاوارەی رەفەح لە باشووری غەززە دەڵێت، "هیچ شتێک لەوانەی ساڵانی پێشووی ئامادەمان دەکرد، ئێستا ناتوانین ئامادەی بکەین. نە گۆشت هەیە و نە شیرینی؛ نە سەردانکردن ماوە و نە چوونە دەرەوە؛ هیچ شتێكمان نییە، ئەوەی کە بەردەستی زۆربەی خەڵکە پیاز و پەتاتەیە، سوپاسی خودا دەکەین."
 
زیاتر لە 7 مانگ بۆردوومانکردن، فڕێدانە خوارەوەی زیاتر لە 70 هەزار تۆن بۆمب و تەقەمەنی بەسەر کەرتی غەززەدا، 2.3 ملیۆن دانیشتووی برسی ناوچەکەی بەسەر سەتان خێوەتدا دابەشکردووە. بەشێكیان تاقەت و ئۆقرەیان نەماوە.
 
دایکی فادی، ئاوارەی رەفەح لە باشووری غەززە دەڵێت، "ئیدی بەسە، شەڕەکە زۆری خایاند و ئێمەش وێران بووین، ماڵمان رووخا، کەسوکارمان کوژرا، برسیمانە، هیچ شتێکمان نەما و هەموو شتێکمان لەدەستداوە، بەسە شەڕ بەسە."
 
لە 6ی ئایارەوە ئیسرائیل دەروازەی رەفەح لە دیوی غەززەی کۆنترۆڵ کردووە و رێگە بە گەیشتنی کەمترین هاوکاری دەدات؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە برسێتیی سەرانسەری و بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی هۆشداری دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە