نەتەنیاهوو کابینەی جەنگی حکومەتی ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە

17-06-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کابینەی جەنگی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، کابینەیەکی نوێ پێکناهێندرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-6-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی کابینەی جەنگی راگەیاند و گوتی: "دوای کشانەوەی بێنی گانتز لە کابینەکە، هیچ پێویستییەکمان پێ نەماوە".
 
هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە دوای هەفتەیەک لە کشانەوەی بێنی گانتز، سەرۆکی پارتی (یەکگرتوویی نیشتمانی) لە حکومەت هات. 
 
گانتز رەخنەی تووندی لە نەتانیاهوو گرت لە بەرامبەر شێوازی "بەڕێوەبردنی شەڕ"ی غەززە و داوای هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
 
نەتەنیاهوو گوتیشی: "کابینەی جەنگیی ئیسرائیل بە رێککەوتن لەگەڵ بێنی گانتز پێکهێندرا و بە کشانەوەی گانتز چی دیکە کابینەکە پێویست نییە و  کابینەی نوێی جەنگییش پێکناهێندرێتەوە."
 
کابینەی جەنگ چییە و کەی بۆ یەکەمجار پێکهێنرا؟
 
پێکهێنانی کابینەی جەنگ نەریتێكی سەربازیی ئیسرائیلییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1956 لە شەڕی ئیسرائیل-فەرەنسا-بەریتانیا دژ بە میسر پێکهێنرا. 
 
ئەندامانی کابینەی جەنگ بریتین لە سەرۆکوەزیران، گەورە بەرپرسانی سەربازی و سیاسی وڵات. ئامانج لێی راسپاردنی ئیدارەدانی کاروباری شەڕە؛ هەروەها بڕیاردان لەسەر فراوانکردن و کۆتاییهێنانی و گرتنە ئەستۆی سەرجەم ئەرکە دیپلوماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش.
 
کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە 11ی تشرینی یەکەمی 2023 پێکهێنرا، واتە 4 رۆژ لە دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئەو وڵاتە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم هەزار و 200 هاووڵاتی و دانیشتووی ئەو وڵاتە و بە بارمتەگرتنی سەرووی 250 کەس.
 
ئەندامانی کابینەی جەنگی ئیسرائیل
 
کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە شەش ئەندام پێکهاتوو، ئەوانیش:
 
- بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل،  سەر بە پارتی فەرمانڕەوای لیکود.
- یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری؛ پارتی لیکود.
- بێنی گانتز، سەرۆکی پارتی یەکگرتوویی نیشتمانی.
- گادی ئایسنکۆت، ئەندامی پارتی یەکگرتوویی نیشتمانی.
- رۆن دێرمیر؛ وەزیری کاروباری ستراتیژی، سەربەخۆ.
- ئاریە دێری، سەر بە پارتی شاس-ی راستڕۆ.
 
کشانەوەی گانتز و ئایسنکۆت لە کابینەی جەنگ
 
لە 9ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، بێنی گانتز و گادی ئایسنکۆت کە هەردووکیان سەر بە پارتی 'یەکگرتوویی نیشتمانین' لە کابینەی جەنگەکە کشانەوە و هۆکارەکەش بۆ "نەبوونی ستراتیژییەتی روون" بۆ درێژەدان بە شەڕەکەیان گەڕاندەوە.
 
لە گوتاری کشانەوەکەیدا، گانتز گوتی: "بە داخەوە نەتانیاهوو رێگری لە گەیشتنمان بە سەرکەوتنی راستەقینە دەکات و هیچ پلانێكی روون بۆ قۆناخی ئێستای جەنگ و دوای جەنگیشی نییە".
 
نەتانیاهوو رەخنەی لە گانتز گرت: "ئێستا کاتی کشانەوە لە کابینەی جەنگ نییە، بەڵکو کاتی بەشداریکردن لە شەڕ و خۆتێکەڵکردنە لەگەڵ هێزە سەربازییەکان".
 
گانتز کە راپرسییەکان پێش نەتانیاهووی دادەنێن، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد: "کاتی هاتووە حکومەتێكی نوێ وڵات و شەڕەکە بەڕێوەببات".
 
لە کنێست کە 120 کورسی هەن، نەتانیاهوو سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکات کە خاوەنی 64 کورسییە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ ئامادەیی لانیکەم سێ ئەندامی هاوپەیمانیەتییەکە نییە بۆ کشانەوە و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی نەتانیاهوو.
 
بۆچی ئێستا نەتەنیاهوو کابینەکەی هەڵوەشاندەوە؟
 
ئەوەی کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کابینەی جەنگەکە راگەیێندراوە "کشانەوەی گانتز" بووە، بەڵام دووریش نییە رووداوەکانی ئەم دوایەی گۆڕەپانی شەڕ بڕیارەکەی خێراتر کردبێت.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی 15ی ئەم مانگە بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی ئیسرائیلدا لە رەفەح تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی 8 سەربازی ئیسرائیلی، زیانێک بوو میدیای ئیسرائیلی بە "گەورەترین"ی شەش مانگی رابردووی ناوبرد.
 
ئەوە سەرباری فراوانتربوونی خۆپیشاندانەکان لە تەلئەڤیڤ کە داوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست، گەڕاندنەوەی بارمتەکان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن.
 
لە 31-5-2024، ئیدارەی بایدن دەستپێشخەرییەکی هەموارکراوی "سێ قۆناخی" تایبەت بە ئاگربەستی غەززە خستە بەر دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە 14 دەنگی بەڵێ و دەنگنەدانی رووسیا، پەسندکرا.
 
حەماس بە دانانی چەند تێبینییەک لەسەر دەستپێشخەرییەکە، رەخنەی کۆشکی سپی ورووژاند کە بەرپرسانی بزووتنەوەکە بە " نەبوونی خواست بۆ ئاگربەست" ناویبردن.
 
دوای کوژرانی ئەو سەربازانە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی و تەکتیکی جەنگ لە بەشێکی باشووری غەززە دەوەستێنن. 
 
وەستاندنی کاتی رۆژانە لە کاژێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 7:00ی ئێوارەیە و هۆکارەکەش وەک راگەیێندراوە "مرۆیی"یە تاوەکو خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەیێندرێنە غەززە.
 
 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە