سعودیە لەڕێگەی 20 رۆبۆتەوە ئاوی زەمزەم لە دەوری کەعبە دابەش دەکات

18-06-2023
لهۆن نەسرەدین
پشکنین و دابەشکردنی ئاوی زەمزەم لە سعودیە
پشکنین و دابەشکردنی ئاوی زەمزەم لە سعودیە
نیشانەکردن حەج زەمزەم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە تاقیگەیەکی شاری مەککەی سعودیە، پشکنین بۆ ئاوی زەمزەم دەکرێت؛ حکومەتی سعودیە دەڵێت، وەک هەموو ساڵێك لە وەرزی حەجدا دەبێت ئاوی زەمزەم بە پاکوخاوێنی بۆ هەمووان دابین بکرێت. ئەمساڵیش لەڕێگەی رۆبۆتەوە ئاوی زەمزەم لە دەوری کەعبە دابەش دەکرێت.
 
عەبدولرەحمان زەهرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاوی زەمزەم دەڵێ "هەمیشە چاودێریی ئاوی خواردنەوەی زەمزەم دەکرێت؛ دەبێت ئاو بۆ هەموو زیارەتکاران دابین بکرێت. پێوانەکردنی تایبەتمەندیی فیزیایی ئاوی زەمزەم کارێكی بەردەوامی ئێمەیە، تاوەکو دڵنیابین لە پاکی و باشیی ئەو ئاوەی دەدرێتە زیارەتکارانی ماڵی خوا".
 
ساڵانە نزیکەی 500 بوتڵی ئاوی زەمزەم پشکنینی تاقیگەییان بۆ دەکرێت؛ هەفتانە 10 بوتڵ بە هاوێنە و فیلتەرە هایدرۆجینییەکان تێدەپەڕێندرێن و پێوانەی پێکهاتەکانیان دەکرێت.
 
لە وەرزی حەجدا نزیکەی 8 ملیۆن و 500 هەزار لیتر ئاوی زەمزەم لە مەککە و مەدینە دەخورێتەوە.
 
رێکخستنی دابەشکردنی ئاوەکە، یەکێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکانی حکومەتی سعودیە، کە بەم دواییە 20 رۆبۆتی لە دەوروبەری کەعبەدا تێکەڵ بە پرۆسەکە کردووە.
 
بەدر لوقمانی، بەڕێوەبەری ئاوی زەمزەم دەڵێ "ئامانج لە دانانی رۆبۆتەکان، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی خێرایە بێ دەستوەردانی مرۆڤ. ئەمساڵ یەکەم ئەزموونمانە و پشت بە خوا پەرە بەو خزمەتگوزارییە دەدەین".
 
بیری زەمزەم 21 مەتر لە کەعبەی پیرۆزەوە دوورە و بە قووڵی 31 مەتر لە چرکەیەکدا 18 لیتر ئاو دەدات؛ لە مەککە و مەدینە جگە لە ئاوی بووتڵەکان؛ رۆژانە ملیۆنێك پەرداخی سەفەری لە لایەن زیارەتکارانەوە بەکاردێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە