وەزارەتی ئەوقاف: زیاتر لە 2300 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن گەیشتوونەتە سعودیە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار و 300 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن گەیشتوونەتە سعودیە و ئەوانەی ماون ئەمڕۆ و سبەی زیارەتەکەیان دەکەن. ئاماژە بە دۆخی تەندروستیی ئەو کەسانەش دەکات گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و دەڵێت، تەندروستییان جێگیرە و گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە؛ تەنیا هاونیشتمانییەک جەڵتە لێیداوە و تەندروستی ناجێگیرە.
 
رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیاتر لە دوو هەزار و 300 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە سعودیە و ئەمڕۆش چوونی هاونیشتمانییان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت. گوتیشی، سبەی یەکشەممە دوایین کاروانی زیارەتکارانی حەج دەگەنە سعودیە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف کە ئێستا لە سعودیەیە، گوتی، "لیژنەی پزیشکی و کارگێڕیی پێشوازی لە زیارەتکاران دەکەن؛ هەموو جۆرە پێداویستییەکی تەندروستی بە لیژنەکەیە بۆ چارەسەرکردنی حاجییان؛ تاوەکو ئێستاش هیچ رووداوێکی مردن تۆمارنەکراوە؛ یەک هاونیشتمانیمان هەیە جەڵتەی مێشک لێیداوە و لە شاری مەککە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و تەندروستی ناجێگیرە."
 
پشکی حاجییان بۆ هاونیشتمانییان ئەمساڵ چوار هەزار و 684 حاجییە؛ لەو ژمارەیە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار 690 کەسیان لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکەیان کرد و هەموویان گەیشتوونەتە سعودیە.
 
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ـی ئەم مانگە بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ـی ئەم مانگەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکردووە.
 
تێچووی حەجی ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلارە.