حەوت هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک لە لیبیا دەستگیردەکرێن

17-06-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حەوت هاونیشتمانی دانیشتووی دهۆک لەلایەن پۆلیسی لیبیاوە دەستگیرکراون.
 
رۆژی هەینی، 17ـی حوزەیرانی 2022، موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ماوەی شەش بۆ حەوت رۆژە ئەو هاونیشتمانییانە لە لیبیا دەستگیرکراون و لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنیان.
 
هاونیشتمانییەکان قاچاخچی لە میسرەوە بردوونی بۆ لیبیا بەمەبەستی ئەوەی بیانگەیێنێتە وڵاتانی ئەوروپا. موسەننا ئەمین دەڵێت: "دوای گەیشتنیان بە لیبیا، ئەو حەوت کەسە لەلایەن پۆلیسی لیبییەوە لە شاری توبرق دەستگیرکراون و لەو ناوچەیە ماونەتەوە".
 
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان، موسەننا ئەمین دەڵێت، لە‌گە‌ڵ عەبدولحەكیم قەساب، ھە‌ڵسوڕێنە‌ری كاروبارە‌كانی باڵیۆزی عێراق لە ‌توونس و لیبیا قسەیکردووە، ئەوانیش رێکارە یاساییەکانیان گرتووەتەبەر و ئێستا زانیاریی تەواو سەبارەت بە چارەنووسیان بەردەستە و لەگەڵ پۆلیسی لیبیاشدا قسەیانکردووە و دڵنیابوونەتەوە کە سەلامەتن و تەندروستییان جێگیرە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئازادکردنی هاونیشتمانییەکان کاتی زیاتری دەوێت، بەڵام ئەوان بەردەوام لەسەرهێڵ دەبن تاوەکو ئازادکردنیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە