ناکۆکی لەنێوان نەتەنیاهوو و وەزیرەکانی دروستبووە: حەماسستان بە فەتحستان ناگۆڕینەوە

17-05-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری كەرتی غەززە فراوانتر کردووە، کە بە دوا خاڵی بەهێزی چەکدارانی حەماسی دەزانێت، بەڵام ئێستا ئیسرائیلییەکان لەبارەی غەززەی دوای حەماس، لەنێو خۆیاندا ناکۆکن.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "داوا لە سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو دەکەم بڕیار بدات ئیسرائیل ئیدارەی مەدەنیی غەززە نەگرێتەدەست و دەسەڵاتی سەربازییش لە غەززە نەبێت، رێگە بدرێت سەرکردایەتییەکی شوێنگرەوەی حەماس لە کەرتی غەززە پەرەی پێبدرێت."
 
ئەمە یەکەم درزی نێو کابینە جەنگییەکەی ئیسرائیلە لەبارەی ئاییندەی غەززە. وەزیری بەرگری لە پلانی جەنگی غەززە نیگەرانە و هۆشداریی داوە لە ئەگەری بڕیارنەدان؛ تەنیا دوو بژارەی خراپ دێنە پێش: مانەوەی حەماس، یان دەسەڵاتی سەربازیی ئیسرائیل.
 
لە جەنگی غەززەدا، بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، تائێستا 626 سەربازیان کوژراون. لەنێو کەرتی غەززەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 278 سەرباز.
 
ئەم هەفتەیە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە، 14 هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە. لە هەمان کاتدا 16 هەزار سڤیل کوژراون. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە زیاتر لە 36 هەزار کەس لەنێو غەززە کوژراون.
 
نەتەنیاهوو بە تووندی وەڵامی وەزیری بەرگریی دایەوە و رایگەیاند، ئامادە نییە "حەماسستان بە فەتحستان" بگۆڕێتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەتا ئەو کاتەی حەماس لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە کۆنترۆڵی غەززە بکات، هیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی سڤیل ئامادە نییە دەسەڵاتی ئەو کەرتە بگرێتەدەست، لەترسی ناسەقامگیریی کەرتەکە، بۆیە هەموو ئەو قسانەی باس لە ئاییندەی غەززە دەکەن، تاوەکو حەماس لە غەززە بێت، هەر بە قسە دەمێننەوە و نابنە کردار. بۆیە لەنێوبردنی حەماس هەنگاوێکی پێویستە."
 
ئەمریکا کە گەورەترین هاوپەپمانی ئیسرائیلە، بە هەمان شێوە دژی مانەوەی ئیسرائیلە لە غەززە، کە بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە دوو ملیۆن لە دانیشتووانی کەرتەکە ئاوارە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە