ئازەربایجان باڵیۆزخانەکەی لە تاران دەکاتەوە

17-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ئێران بکرێتەوە، کە لە دوای هێرشەکەی سەرەتای ساڵی 2023 داخراوە.
 
ئایخان حاجیزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، بارەگای باڵیۆزخانەکەیان لە تاران دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی نوێ و دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، سەرلەنوێ دەکرێتەوە و چالاکییەکانی دەستپێدەکات.
 
ئایخان حاجیزادە رایگەیاند لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتۆگۆیان کردووە، بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەیان بۆ شوێنێکی نوێ کە بە گوتەی ئەو: "سەلامەتترە و هەموو مەرجە پێویستەکانی باڵیۆزخانەی تێدایە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەدا دوای تەواوبوونی کاروبارەکان بریارە چالاکییەکانی باڵیۆزخانە لە شوێنی نوێ دەستپێبکەنەوە.
 
لە 27-01-2023، هاووڵاتییەکی ئێرانی بە چەکی کڵاشینکۆف هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران. لە هێرشەکەدا بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئازەربایجان هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەی بە تیرۆریستی ناوبرد، بەڵام ئێران رەتیکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە.
 
دوای هێرشەکە، پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و ئێران ئالۆز بوون، ئازەبایجان باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست و هەموو دیپلۆمات و فەرمانبەرانی گەڕاندەوە وڵاتەکەی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە