شەڕ بەردەوامە.. ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین لە 200 کەس نزیکدەبێتەوە

17-05-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن فەڵەستین ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ دووشەممە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێی نایە رۆژی هەشتەم. چالاکڤانان و رۆژنامەنووسان ئەوانەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن، دەڵێن لەدوێنێ شەوەوە شەڕ و پێکدادان چڕبووەتەوە، لەماوەی نیو کاژێردا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 60 جار هێرشیان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارییەکانی فەڵەستین.
 
باس لە کەمبوونەوەی هێرشی مووشەکی گرووپە جیهادییەکانی غەززە بۆ سەر ئیسرائیل دەکرێت، بەڵام ئیسرائیل لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە بەردەوام بووە، لە شەوی رابردووەوە هەریەک لە گەڕەکەکانی دێر بەلح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، گەڕەکی زەیتوون لە باشوور و گەڕەکی شوجاعیە لە رۆژهەڵاتی شارەکە کردووەتە ئامانج.
 
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەر یەک لە گەڕەکەکانی خان یونس و تەل هەوای لە کەرتی غەززە کردە ئامانج، بۆردوومانی بەردەوام، ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئامبوڵانسەکانیش دروستکردووە کە قوربانیان دەگوازنەوە نەخۆشخانە.
 
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی قوربانیان لە غەززە بۆ 197 کوژراو و بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا 58 منداڵ و 34 ژن هەن، ژمارەی بریندارانیش بە 1235 کەس مەزەندە دەکرێت.
 
سەبارەت بە کوژراوانی ئیسرائیل. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت تاوەکو ئێستا 11 ئیسرائیلی بەهۆی هێرشی مووشەکەکانی حەماس و گرووپی جیهادی فەڵەستنی کوژراون.
 
تاوەکو ئێستا فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل 90 باڵەخانە و 6 تاوەری کردووەتە ئامانج، 3 تاوەری بە تەواوی تەختی زەوی کردووە.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەماوەی کاژێرەکانی رابردوو لە رێگەی 54 فڕۆکەی جەنگی و 110 مووشەکەوە تونێلەکانی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوێکدا سوپای ئیسرائیل گوتی، بۆردومانی خانووی 9 فەرماندەی بزووتنەوەی حەماسیان کردووە کە پێیانوابووە وەکو کۆگای چەک و تەقەمەنی بەکارهاتوون.
 
هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامە. شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. ئەمریکاش رازی نەبوو راگەیێندراوێکی هاوبەش لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نێردەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا "ماندوونەناسانە" کاری کردووە بۆ کۆتایپێهێنان بەو شەڕ و پێکدادانەی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین هەیە.
 
گرینفیڵد گوتی ئەمریکا پاڵپشتی و یارمەتی پێشکێش بە لایەنەکان کردووە، ئەگەر بیانەوێت بگەنە ئاگربەست، باوەڕمان وایە ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان هەردووکیان هاوتای یەک مافی ئەوەیان هەیە لە ئەمن و ئاسایشدا بژین.
 
هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی هەڵچوونی گرژییەکان لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەڕێوەچوو، راگەیێندراوێکی هاوبەش بۆ داواکردنی ئاگربەست خرایەڕوو، ئەمریکا ڤیتۆی راگەیێندراوەکەی کرد، رایگەیاند: "ئەمریکا پێیوانییە راگەیێندراو دۆخی ناوچەکە هێور دەکاتەوە."
 
نێردەکەی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی واشنتن دەیەوێت هەوڵە دیپلۆماتییەکانی ئەنجامیان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش نێردەیەکی ناردووەتە ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە