28 سیناتۆری دیموکرات داوا لە بایدن دەکەن هەوڵ بۆ ئاگربەستی ئیسرائیل-فەڵەستین بدات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هەوڵێکی ئاگربەست بۆ شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بێ ئەنجامبوو.

لەنێو 15ی ئەندامی ئەنجوومەن، تەنیا ئەمریکا ڤیتۆی راگەیێندراوێکی هاوبەشی کرد کە لەلایەن چین، نەرویج و تونس ئامادەکرابوو و جەخت لە ئاگربەست دەکاتەوە.
 
روون نییە ئەمریکا بۆ بەبێ روونکردنەوە ڤیتۆی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی کردووە، بەڵام هەفتەی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئەوان باوەڕیان وانییە راگەیێندراو کاریگەریی کردەیی لەسەر ئاگربەست هەبێت، دەیانەوێت دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدەن کاری خۆی بکات. 
 
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نێردەی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەو بارەوە دەڵێت، "ئەمریکا ماندوونەناسانە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکان کاریکردووە بۆ ئەوەی ئەو پێکدادانە کۆتایی پێبێت. دوێنێ سەرۆک بایدن قسەی لەگەڵ هەریەک لە نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی [ئیسرائیل] و مەحموود عەباس، [سەرۆکی فەلەستین] کردووە. بلینکینیش قسەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل و فەڵەستین کردووە."
 
چین و ئەمریکا کە لەسەر زۆربەی پرسە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەن دژ بەیەکن، لەسەر ئەمەش ناکۆکیی لەنێوانیاندا دروستبوو.
 
ئەمریکا تاوەکو ئێستا ڤیتۆی دوو راگەیێندراوی لەسەر کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کردووە، بەڵام چین ئەمجارە خۆی بەدەستەوە نادات دەیەوێت راگەیێندراوێکی دیکە بۆ ئاگربەست ئامادەبکات.
 
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین دەڵێت، "بەداخەوە، تەنیا لەبەر خاتری یەک وڵات، ئەنجوومەنی ئاسایش نەیتوانی بە یەک دەنگ قسە بکات. داوا لە ئەمریکا دەکەین بەرپرسیارێتییەکان هەڵبگرێت، خۆی یەکلایی بکاتەوە و بەیەکەوە لەگەڵ زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی ئەنجوومەنی ئاسایش بکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، متمانە بەدەستبێنینەوە و پێشکەوتن لە رێککەوتنی سیاسی بەدەستبێنین."
 
بایدنی لەنێوخۆی ئەمریکاش لەژێر گوشارە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کە تاوەکو گیانلەدەستدانی زیاتر لە 197 فەڵەستینی و 11 ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.
 
28 سیناتۆری دیموکرات لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی شەڕ لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەکەن، هەنگاوێک کە هێشتا ئیدارەی بایدن نەیهاوێشتووە.
 
تەنانەت بەشی زۆری جووەکانی ئەمریکاش لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو شەڕ و پێکدادانەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا نین، بەگوێرەی راپرسیێکی سەنتەری توێژینەوەی پیو، 60٪ی جووەکانی ئەمریکا لە سەرکردایەتیی نەتەنیاهوو رازی نین، باوەڕیانوایە دەبێت بایدن هەوڵی رژدیتر بدات بۆ ئەوەی ئەو خوێنڕشتنە کۆتایی پێبێت کە ئەوان پێیانوایە بەهۆی سیاسەتێکی هەڵەی ئیسرائیلەوە هاتووەتە ئاراوە.