سەرۆکی لوبنان: فەرمانم کردووە وەڵامی هەڕەشەکانی سووریا بدرێتەوە

جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، رایگەیاند هێزەکانی وڵاتەکەی وەڵامی ئەو تۆپبارانەی سووریا دەدەنەوە کە بەرپرسانی وڵاتەکە رایانگەیاند بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی دووشەممە 17-03-2025 جۆزێف عون، لە پۆستێکی ئێکس رایگەیاند: "ئەوەی لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات روودەدات، ناتوانرێت بەردەوام بێت. فەرمانم بە سوپای لوبنان کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی سەرچاوەی گرژی و ئاگرەکە بدەنەوە."
 
شەوی یەکشەممە 16-03-2025، لەسەر سنووری سووریا و لوبنان پێکدادان روویدا و دەسەڵاتدارانی نوێ لە دیمەشق حیزبوڵڵای لوبنانیان بە رفاندنی سێ سەرباز بۆ نێو لوبنان و کوشتنیان تۆمەتبار کرد.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانی، هێزەکانی سووریا گوندێکی لوبنانیان تۆپباران کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سێ کارمەندی ئەمنی لە گوندی قەسر لەلایەن حیزبوڵڵاوە کوژران.
 
ئاژانسی هەواڵیی نیشتیمانیی لوبنان (NNA) رایگەیاند، دوای تۆپبارانی نوێی سووریا، پێکدادانەکان رۆژی دووشەممە دەستیان پێکردەوە.
 
سوپای لوبنان رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە "رێوشوێنی ئەمنیی تایبەت " گیراوەتەبەر ئەمەش دوای گەڕاندنەوەی تەرمی سێ سەربازی سووریایی بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.
 
بەگوێرەی سوپا، شارۆچکە و گوندە سنوورییەکانی لوبنان "لە ئاراستەی خاکی سووریاوە تۆپپاران کراون". ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکە سەربازییەکان بە "چەکی گونجاو وەڵامیان داوەتەوە، بڵاوبوونەوەی خۆیان بەهێزتر کردووە و کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنیان کردووە".
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "فەرماندەیی سوپای لوبنان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی ئاسایش بگەڕێننەوە و سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان بپارێزن".
 
پۆڵ مۆركۆس، وەزیری راگەیاندنی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانەکەی سووریاوە منداڵێک کوژراوە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون و ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان ئاوارە بوون.
 
رۆژی دووشەممە، دەسەڵاتدارانی سووریا لە پارێزگای حومس رایانگەیاند، وێنەگرێک و رۆژنامەنووسێک لەسەر سنوور بریندار بوون، ئەمەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا. ئەوان حیزبوڵڵایان تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بە مووشەکێکی ئاراستەکراو کردوونیەتە ئامانج".
 
حزبوڵڵا پشتیوانێکی سەرەکیی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا بوو، پێش ئەوەی لە هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووانی سەرکردایەتیی ئیسلامییەکان لە کانوونی یەکەمدا بڕوخێنرێت.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا مانگی رابردوو رایانگەیاند هەڵمەتێکی ئەمنی لە پارێزگای حومسی سەر سنوور دەستی پێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی داخستنی ئەو رێگایانەی بۆ قاچاخچێتی چەک و کاڵا بەکاردەهێنرێن.
 
لەژێر دەسەڵاتی ئەسەد، سووریا لە "میحوەری بەرگری" دژە ئیسرائیلی ئێران، وەک کەناڵێک بۆ گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵڵای هاوپەیمانی تاران بەکاردەهێنرا.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق، حیزبوڵڵایان بە ئەنجامدانی هێرش تۆمەتبار کرد و رایانگەیاند، سپۆنسەری باندە قاچاخچییەکانی سەر سنوور دەکات.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسی کۆمەکبەخشەکان بۆ سوریا لە برۆکسل رایگەیاند، دیمەشق "هیچ هەوڵێک بۆ تێکدانی سەروەریی سووریا قبوڵ ناکات".
 
شەیبانی گوتی: "حیزبە لە یاسا دەرچووەکان و میلیشیاکانی سەر سنوور هەڕەشە لە ئاسایشی سووریا دەکەن"، بەڵام ناوی هیچ لایەنێکی نەهێنا.