نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەوەی لە غەززە دەیبینین مۆتەکەیە و لە کارەسات گەورەترە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ویستیان بە ناردنی هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەریاوە بۆ غەززە، بڵێن، دۆخی مرۆیی خەڵکیان بەلاوە گرنگە؛ بەڵام هاووڵاتییانی کەمپی مواس دەڵێن، ئەوە چارەسەر نییە.
وایل میقداد، هاووڵاتی دەڵێت، "بەردەوام چاوەڕێی هاوکارییەکان دەکەین. ئەمە چارەسەر نییە جا بە رێگەی کەشتی بێت یان فڕۆکە. فڕۆکەکانمان بینی هاوکارییەکانیان بەردایەوە و خەڵک شەڕیان لەسەر دەکرد. ژمارەیەک منداڵ خنکان، کە دەیانویست ئەو هاوکارییە کۆبکەنەوە کە کەوتبووە دەریاوە."
گەیاندنی هاوکاری بە رێگەی دەریایی لە کاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانی ئۆپەراسیۆنی رەفەحی پەسند کردووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی حووسییەکانی یەمەن، لە لوبنان نوێنەرانیان لەگەڵ حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززە کۆبوونەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان لەبارەی فراوانکردنی رووبەڕووبوونەوەکانیان و گەمارۆدانی ئیسرائیل لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی رەفەح کردووە.
هەروەها، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشدارییان لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە داوە.
دۆمنیک ئالن، نوێنەری سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەڵەستین رایگەیاند، "ئەوەی لە غەززە دەیبینین، مۆتەکەیەکە؛ کە گەورەترە لە قەیرانی هاوکاریی مرۆیی. ئەمە قەیرانی مرۆڤایەتییە. بارودۆخەکە لە کارەسات گەورەترە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە، نزیکەی 600 هەزاریان لە برسێتیی کوشندەدا دەژین.