پاکستان: بە مافی خۆمانی دەزانین وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بدەینەوە

17-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دوای هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر خاکەکەی رایگەیاند پاکستان بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامی هێرشەکە بداتەوە و هەر لێکەوتەیەکیشی هەبێت، دەکەوێتە ئەستۆی ئێران.
 
رۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2024، مومتاز زەهرا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ پاکستان باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگکردووەتەوە و باڵوێزی ئێران لە ئیسلامئابادیش کە ئێستا لە تارانە، "تاوەکو کاتێکی نادیار رێگەی پێ نادەین بگەڕێتەوە."
 
ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەکی دوورهاوێژەوە بە دوو قۆناخ هێرشی کردە سەر خاکی پاکستان، یەکێکیان ئێوارەی رۆژی سێشەممە بوو و دواتر کاژێر 02:30 بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە، وەزارەتی بەرگریی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و گوتی "ئەوە بەزاندنی سەروەریی وڵاتمانە و قبوڵکراو نییە."
 
دوای هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ پاکستان سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران راگرت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران دەکات و دەڵێت "پاکستان وەڵامدانەوە بەو کردەوە نایاساییە بە مافی خۆی دەزانێت و، بەرپرسیاریێتی لێکەوتەکانیشی بەتەواوەتی دەکەوێتە ئەستۆی ئێرانەوە."
 
ئێران بە پاساوی هەبوونی دوو بنکەی گرووپی جەیشوعەدل هێرشی کردە سەر پاکستان و رایگەیاند، هەر دوو بنکەکەیان بە دروستی پێکاوە، بەڵام دواتر جەیش عەدل راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی رەتکردەوە و گوتی مووشەکەکان بە گوندێکی ویلایەتی بەلووچستانی پاکستان کەوتوون، بەهۆیانەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و حەوت هاووڵاتی دیکەی پاکستانی بریندار بوون، کە لەنێویاندا دوو ژن و منداڵێک هەن.
 
گرووپی جەیشولعەدل خۆی بە گرووپێکی رزگاریخوازی نەتەوەی بەلووچ دەناسێنێت، ناوە ناوە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران لەگەڵ سوپای پاسداران شەڕ و پێکدادانیان لەنێواندا روودەدات.
 
ئەو گرووپە لە 10 ساڵی رابردوودا چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ سوپای پاسداران لەنێو ئێران هەبووە و بەرپرسیاریێتیی هێرشکردنە سەر چەندین بنکەی هێزەکانی ئێرانیشی لە ئەستۆ گرتووە.
 
ئەندامانی گرووپی جەیشوعەدل لە نەتەوەی بەلووچن؛ ساڵی 2000 دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران عەبدولمالیک ریگی، رێبەری جوندوڵڵای لە سێدارە دا، گرووپەکە دامەزرا. سەلاحەدین فارووقی سەرۆکایەتیی گرووپەکە دەکات.
 
پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان هاوسنوورە و ئێران دەڵێت، چەکدارەکانی ئەو گرووپە زیاتر لە پاکستان دەمێننەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە