کۆمکاری عەرەبی: لە ئەنجوومەنی ئاسایش پشتیوانی بۆ سکاڵاکەی عێراق لە دژی ئێران کۆدەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات، دەشڵێت بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایەش دەکات کە عێراق لە دژی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا تۆماری کردووە.
 
کۆمکاری عەرەبی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی ئێران بۆ سەر هەولێر بە "پێشێلکردنی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی عێراق" دەزانێت.
 
کۆمکارەکە لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024)ـیدا کە لەسەر داوای عێراق بوو، رایگەیاند هێرشەکەی ئێران بووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی و زیانگەیاندن بە شوێنی سڤیلنشین، کردەوەکەی بە "هێرشی دوژمنکارانە" بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی گەلەکەی ناوهێناوە.
 
جگە لەوە بە پێشێلکردنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و یاسا و رێککەوتننامە و نەریتە نێودەوڵەتییەکانی زانیوە، سەرجەم پاساوەکانی حکومەتی ئێرانیشی بۆ هێرشەکە رەتکردووەتەوە، کە بەپێی کۆمکاری عەرەبی ئەو پاساوانە "ماف ناداتە هیچ وڵاتێک، سەروەریی وڵاتانی دیکە پێشێل بکات و ژیانی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە." کە بەپێی بڕیارەکە "لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرووەکان" ناگونجێت.
 
کۆمکارەکە بڕیارێکی حەوت خاڵی لەبارەی پەلامارەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەرکردووە و، سەرجەم لێکەوتەکانی ئەو پێشێلکارییە دەخاتە ئەستۆی ئێران و پێیوایە، "پێشهاتێکی مەترسیدارە و رەنگە دووبارەبوونەوەی ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا."
 
کاژێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە 15-01-2024 بە مووشەک هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە بریندار بوون.
 
کۆمکاری عەرەبی لە بڕیارەکەیدا جەختی لەسەر یەکێتی و سەروەریی خاکی عێراق لە دژی هەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەکی دەرەکی کردووەتەوە و، دەڵێت "عێراق مافی هەیە پەنا بۆ سەرجەم رێگە دیپلۆماسی و یاساییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکارییانە ببات."
 
کۆمکاری عەرەبی داوای لە ئەندامی عەرەبی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی تەواو بۆ دەرکردنی بڕیاری سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر عێراق لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە.
 
کۆمکاری عەرەبی لە کۆبوونەوەکەیدا گەیشتە ئەو بڕیارەی؛ ئەنجوومەنی باڵیۆزانی عەرەب لە نیویۆرک، جنێف، ڤییەنا، بڕۆکسل، واشنتن، پاریس، پەکین و مۆسکۆی راسپارد بڕیارەکەی رەوانەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن، داواش لە ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی بکرێت داوای ناوەڕۆکی بڕیارەکە بۆ وڵاتانی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.
 
هەر زوو دوای رووداوەکە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنیان کردووەتە ئامانج کە "بنکەی تیرۆریستی" و، "گرووپە دژبەرەکانی ئێران" بوون.
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد، پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا.