رووداو - هەولێر
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە پێشبینی دەکات لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا تورکیا هێرشبکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان. دەشڵێت، ئەوان ئاشتییان لەگەڵ تورکیا دەوێت، بەڵام "بەتەواوەتی" ئامادەی بەرپەچدانەوەی هەر هێرشێکن.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتەر کە رۆژی دووشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2023 بڵاوکرایەوە دەڵێت؛ ئەوان هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بە رژدی وەردەگرن و هانی ئەنقەرە دەدات بۆ ئەوەی لە جیاتی شەڕکردن، ئاشتی هەڵبژێرێت.
تورکیا لە مانگی شوباتدا هێرشدەکات
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت: "ئێمە هەڕەشەکانی تورکیا بە رژدی وەردەگرین. پێشبینی دەکەین لە مانگی شوباتدا هێرش بکات. شارۆچکەی کۆبانی دەکرێت ئامانجەکەی بێت بەهۆی مانا سیمبولییەکەیەوە بۆ کورد لە سەرانسەری جیهاندا".
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت: "تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین کە ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستی کۆبکاتەوە و پێدەچێت پێیوابێت بە جارێکی دیکە هێرشکردنە سەر رۆژاڤا دەتوانێت خزمەت بەم پرسەی بکات."
تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام ئاماژە بە پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە دەکات و بە "هەڕەشە" بۆ سەر خاکەکەی ناوی دەبات. لەو بارەیەوە مەزڵووم عەبدی دەڵێت، نابێت تورکیا "لەسەر شکستی خۆی" لە دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، سزای خەڵکی سووریا بدات.
رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "چنگ – شمشێر" راگەیاند و ژمارەیەک پێگەی هەسەدەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆردوومانکرد. تورکیا پێیوایە هەسەدەش بەشێکن لە پەکەکە.
مەزڵووم عەبدی ناسراو بە مەزڵووم کۆبانێ لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە رابردوودا تورکیا هەمان ئەم بیانووانەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەرمان. ئێمە بەهیچ جۆرێک هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیا، گەلەکەی، سنوورەکانی یان ئاسایشی نیشتمانییەکەی". گوتیشی کە ئەوان "وەکو کوردی سووریا، هەسەدە و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر پەیوەندییەکی ئاشتیانەمان لەگەڵ تورکیا دەوێت." گوتیشی کە ئەوان "هەرگیز" هێرشیان نەکردووەتە سەر تورکیا و هەر کاتێک لەلایەن تورکیا هێرشیان کرابێتەسەر "تەنیا بەشێوەیەکی رەوا بەرگریمان لەخۆمان کردووە". ئاماژەی بەوەشکرد کە هەسەدە "هیچ دووژمنکارییەکی" لەگەڵ تورکیادا نییە.
"ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئامادەی هەر هێرشێکین"
لەبارەی بوونی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، مەزڵووم عەبدی رەتیکردەوە پەکەکە دەستی لە کاروباری ناوچەکەدا هەبێت و گوتی، "راستە پەکەکە لە شەڕی دژی داعش یارمەتیداین، بەڵام هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوبەرایەتییەکەماندا نییە. وەکو تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، ئێمە باڵێک نین لە پەکەکە. ئێمە جیاین."
لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک ئەمریکا هۆشداریداوەتە تورکیا لەوەی هێرشنەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت؛ ئەو هێرشە "هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لاواز دەکەن". لەو بارەیەوە مەزڵووم عەبدی پێیوایە هەوڵەکانی ئەمریکا شکستیان هێناوە، بۆیە داوا دەکات ئەمریکا کاری زیاتر لەو بارەیەوە بکات.
لە ساڵی 2016ـەوە بە هاوکاریی هێزە نزیکەکانی، تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجامداوە.
- لە ئابی 2016دا تورکیا دەستی بەسەر جەرابلوس و ئەعزازدا گرت.
- سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لە لایەن ئەنقەرەوە دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستاندا گرت.
- لە تشرینی یەکەمی 2019ش ئەو هێزانە هێرشیانکردە سەر سنووری سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیشیان داگیرکرد.
ئێستاش سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر تل رەفعەت، منبج و کۆبانێ دەکات کە هەموویان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. تورکیا دەیەوێت بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا، بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بچێتە پێشەوە.
لەبارەی توانای سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی تورکیا، فەرماندەی هەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان ئاشتییان دەوێت، بەڵام "ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر، بە هەموو توانامانەوە شەڕدەکەین. تاوەکو کۆتایی بەرگە دەگرین". مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئەمجارەیان وەکو جارەکانی دیکە نابێت، وەکو عەفرین یان سەرێکانیێ نابێت. ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی داعش دەوەستن."
کۆبوونەوەی سێقۆڵی و چارەنووسی کورد لە رۆژئاڤا
رووسیا سەرپەرشتیی هەوڵەکانی لێکنزیککردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشقی هاوپەیمانی دەکات. لە ماوەی رابردوودا هەندێک کۆبوونەوە لەنێوان لایەنی تورکی و سوورییدا هەبووە، کە دوایینیان کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات بوو لە مۆسکۆ.
کۆبوونەوەکە رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2022 بەڕێوەچوو و تێیدا عەلی مەحموود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا و خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئامادەبوونی سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کیگالیی پایتەختی رواندا رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ هاوشانە سوورییەکەی کۆدەبێتەوە.
هەمان رۆژ نووسینگەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوانە قسەی کرد و رایگەیاند، لێکنزیکبوونەوەی وڵاتەکەی و تورکیا بە نێوەندگیریی مۆسکۆ، دەبێ ئامانج لێی "کۆتاییهێنان بە داگیرکاری" سووریا بێت لەلایەن ئەنقەرەوە.
لەبارەی ئەو هەوڵانە، مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "هاوتەریب لەگەڵ هەنگاوەکانی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد، تورکیا ماوەیەکە دەڵێت دەبێت ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە". گوتیشی تورکیا بە نێوەندگیری رووسیا لە پرۆسەی هەوڵداندایە بۆ "زیندووکردنەوەی هاوپەیمانییەک لە دژی ئێمە و کاراکردنەوە و فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئەدەنە."
مەزڵووم کۆبانێ لەبارەی رێککەوتنی سووریا، توورکیا و رووسیا گوتی: "رووسیا هەوڵدەدات کێشەکانی ئێستا لە سووریا چارەسەر بکات بە کۆکردنەوەی تورکیا و رژێمی سووریا لە دەوری یەک مێز. بەڵام بڕوام بەوە نییە کە ئەم جۆرە هەوڵانە سەرکەوتوو بن. رژێمی سووریا هەرگیز سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات. سەرەکیترینیان ئەوەیە کە تورکیا هەموو سەربازەکانی لە خاکی سووریا بکشێنێتەوە و تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوننە بوەستێنێت. بە هەمانشێوە بڕوام بەوە نییە کە رژێمی سووریا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا بێت بۆ تێکشکاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵات. نە ئامرازی ئەوەی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، نە بارودۆخەکان لەبارن بۆ هیچ پلانێکی لەو جۆرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ