ترەمپ: سەربازەکانمان لە سووریا لە ژێر هەڕەشەدا نین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت، پێیوانییە سەربازەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ژێر هەڕەشەی کوشتندا بن، چونکە چیدیکە سوپای ئەمریکا لە نێوان دوو سوپادا نەماوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 16-12-2024، لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانییدا لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە مارالاگۆ و لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە ئەگەری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کاتێك کە دەسەڵاتی وەرگرت، دۆناڵد ترەمپ گوتی، ئەو پێیوانییە ئێستا سەربازانی ئەمریکا لە ژێر هەڕەشەدا بن، چونکە بە گوتەی ئەو لایەنی دیکە کە سوپای سووریایە چی دیکە لەو وڵاتەدا نەماوە.
سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی سووریا و ئەگەری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ترەمپ گوتی: "ئێمە 5 هەزار سەربازمان بە درێژایی سنووری سووریادا هەبوون و کە پرسیارم لە چەند فەرماندەیەک کرد پێیانگوتم سوپای سووریا هەیە، کە ژمارەیان 250 هەزار سەربازە و سوپایەکی بەهێزی تورکیا هەیە و سەربازانی ئێمە لە نێوان سوپایەکی 5 ملیۆن کەسی و سوپایەکی دیکەی 250 هەزار کەسی بوو، کاتێكیش پرسیارم لە فەرماندەیەک کرد رەوشەکە چۆن دەبینی؟ گوتی دەستبەجێ سوپاکەمان لەنێودەبرێن، بۆیە ئەو ساڵە فەرمانی کشانەوەی هێزەکانم دەرکرد و رووبەڕووی رەخنەی تووند بوومەوە."
ترەمپ گوتی، ئێستا لایەنێك لە سووریا نەماوە کە ئەویش سوپای ئەو وڵاتەیە و لایەنەکەی دیکەش تورکیای لە پشتە، ئەو کارە ئەردۆغان کردی.
ترەمپ پەسنی سەرۆککۆماری تورکیای کرد و گوتی: "ئەو کەسێكی زۆر زیرەکە، هەزاران هەزار ساڵ ئەمەیان دەویست و دەستیشی کەوت؛ ئەوانەش کە چوونە ناوەوە لە لایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ کراون، ئەوەش کێشەیەک نییە، رێگەیەکی دیکەی شەڕکردنە".
ترەمپ گوتیشی: "پێموانییە کە من بمەوێت سەربازەکانمان بکوژرێن بەڵام پێموانییە بەهیچ شێوەیەک ئەوە ئێستا رووبدات، چونکە لایەنێک لەنێوچووە".
دەقی پرسیارەکە و وەڵامەکەی دۆناڵد ترەمپ:
پرسیار: ئایا هێزەکانتان دەکشێننەوە؟
دۆناڵد ترەمپ: تۆ دەزانی، ئێمە پێنج هەزار سەربازمان بە درێژایی سنوور [ـی سووریا] هەبوو، منیش پرسیارم لە چەند جەنەڕاڵێک کرد، ئێمە سوپایەکمان لە سووریا هەیە ژمارەیان 2500 سەرباز دەبێت، سوپایەکی دیکەش لەوێ هەیە ژمارەیان 400 هەزار سەرباز دەبێت، خەڵکێکی دیکە هەیە سەربازی زۆر زیاتریان لەو ژمارەیە هەیە، وەک نمونە تورکیا یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکان، ئەردۆغانیش یەکێکە لەو کەسانەی کە بە باشی کارم لەگەڵیدا کردووە، بەڵام ئەو هێزێکی سەرەکی [لە سووریا] هەیە، هێزەکەی ئەویش بە شەڕەوە ماندوو نەبوون، مەبەستم ئەوەیە بەو شەڕانەوە ماندوو نەبوون و سوپایەکی زۆر بەهێزیشی بنیادناوە، بۆیە دەیڵێمەوە، ئێمە پێنج هەزار سەربازمان [لە سەر سنوور] هەبوون، ئەمەش لە نێوان سوپایەکی پێنج ملیۆن سەربازی، لەگەڵ هەبوونی 2500 سەربازی دیکە لە [سووریا]، پرسیارم لە جەنەڕاڵەکە کرد، ئەم دۆخە چۆن دەبینی؟ ئەویش گوتی، ئەوان [هێزەکانمان] بەتەنیا دەمێننەوە و بەزوویی دەسڕدرێنەوە. لەبەرئەوە من ئەوانم کشاندنەوە، لەسەر ئەمە رووبەڕووی رەخنەی زۆریش بوومەوە، ئەوەش دەزانی کە دواتر چی روویدا؟ هیچ شتێک رووینەدا، بەڵکو من ژیانی [سەربازانێکی] زۆرم پاراست. ئێستا 900 سەربازێکمان هەیە، وابزانم، هەندێک ژمارەیان زیادکردوون، بەڵام 900 سەربازێک دەبن، ئەگەر قسەکەشت لەسەر ئەوەیە کە یەکێک لە لایەنەکانی سووریا بەتەواوەتی لادراوە، بەڵام کەس نازانێت لایەنە (براوەکە) کێیە، ئەو لایەنە تورکیایە. تورکیا لە پشت ئەمەوەیە، ئەو [ئەردۆغان] زۆر کەسێکی ژیرە، ئەوان بۆ هەزاران ساڵە بەدوای ئەم شتەوەن، ئێستا بەدەستیهێنا، ئەو کەسانەش کە چوونەتە [دەسەڵات] لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادان، ئەمەش ئاساییە و جۆرێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەیە. بەڵام نەخێر من پێموانییە، من نامەوێت سەربازەکانمان بکوژرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە ئێستا بە هیچ شێوەیەک ئەمە [کوژرانی سەربازەکانمان] رووبدات، لەبەرئەوەی یەکێک لە لایەنەکان بەتەواوەتی لەنێوبراوە.