رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت، پێیوانییە سەربازەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ژێر هەڕەشەی کوشتندا بن، چونکە چیدیکە سوپای ئەمریکا لە نێوان دوو سوپادا نەماوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 16-12-2024، لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانییدا لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە مارالاگۆ و لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە ئەگەری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کاتێك کە دەسەڵاتی وەرگرت، دۆناڵد ترەمپ گوتی، ئەو پێیوانییە ئێستا سەربازانی ئەمریکا لە ژێر هەڕەشەدا بن، چونکە بە گوتەی ئەو لایەنی دیکە کە سوپای سووریایە چی دیکە لەو وڵاتەدا نەماوە.
سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی سووریا و ئەگەری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ترەمپ گوتی: "ئێمە 5 هەزار سەربازمان بە درێژایی سنووری سووریادا هەبوون و کە پرسیارم لە چەند فەرماندەیەک کرد پێیانگوتم سوپای سووریا هەیە، کە ژمارەیان 250 هەزار سەربازە و سوپایەکی بەهێزی تورکیا هەیە و سەربازانی ئێمە لە نێوان سوپایەکی 5 ملیۆن کەسی و سوپایەکی دیکەی 250 هەزار کەسی بوو، کاتێكیش پرسیارم لە فەرماندەیەک کرد رەوشەکە چۆن دەبینی؟ گوتی دەستبەجێ سوپاکەمان لەنێودەبرێن، بۆیە ئەو ساڵە فەرمانی کشانەوەی هێزەکانم دەرکرد و رووبەڕووی رەخنەی تووند بوومەوە."
ترەمپ گوتی، ئێستا لایەنێك لە سووریا نەماوە کە ئەویش سوپای ئەو وڵاتەیە و لایەنەکەی دیکەش تورکیای لە پشتە، ئەو کارە ئەردۆغان کردی.
ترەمپ پەسنی سەرۆککۆماری تورکیای کرد و گوتی: "ئەو کەسێكی زۆر زیرەکە، هەزاران هەزار ساڵ ئەمەیان دەویست و دەستیشی کەوت؛ ئەوانەش کە چوونە ناوەوە لە لایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ کراون، ئەوەش کێشەیەک نییە، رێگەیەکی دیکەی شەڕکردنە".
ترەمپ گوتیشی: "پێموانییە کە من بمەوێت سەربازەکانمان بکوژرێن بەڵام پێموانییە بەهیچ شێوەیەک ئەوە ئێستا رووبدات، چونکە لایەنێک لەنێوچووە".
دەقی پرسیارەکە و وەڵامەکەی دۆناڵد ترەمپ:
پرسیار: ئەمریکا هێزی سەربازی لە سووریادا هەیە، ئایا پلانتان هەیە ئەو هێزانە بکشێنەوە کاتێك کە دەسەڵاتتان وەرگرت؟
دۆناڵد ترەمپ: دەزانن، ئێمە پێنج هەزار سەربازمان بە درێژایی سنوور هەبوون، پرسیارم لە چەند فەرماندەیەک کرد و پێیانگوتم سوپایەک هەیە لە سووریا کە ژمارەیان 250 هەزار سەربازە، چەندین هێزی دیکەش هەن، 400 هەزار... جێی باسە هێزە گەورەکە تورکیایە، ئەردۆغان کەسێكە کە من پەیوەندیی باشم لەگەڵی هەیە، بەڵام ئەو هێزێكی سەربازیی گەورەی هەیە، ئەو سوپایەکی بەهێز و بە توانای دروستکردووە، بۆیە ئێمە پێنج هەزار سەربازمان لە نێوان سوپایەکی پێنج ملیۆن کەسی و سوپایەکی دیکەی 250 هەزار کەسی بوو، منیش پرسیارم لە فەرماندەیەک کرد، رەوشەکە چۆن دەبینی؟ گوتی دەستبەجێ لەنێودەبرێن و من لەوێ نەمهێشتن و رووبەڕووی رەخنەی زۆریش بوومەوە و دەزانن چی روویدا؟ هیچ، هیچ شتێك رووینەدا و من ژیانی خەڵکێكی زۆرم لە مردن رزگار کرد، ئەوان ژمارەیەک سەربازیان گێڕانەوە، ئێستا 900 سەربازمان هەن و ئێستا کە یەکێك لە لایەنەکان نەماوە و هیچ کەسیش نازانێت لایەنەکەی دیکە کێیە؛ بەڵام من دەزانم، دەزانی کێیە؟ تورکیایە، تورکیا لە پشت لایەنەکەی دیکەیە. ئەو کەسێكی زۆر زیرەکە، هەزاران هەزار ساڵ بوو ئەمەیان دەویست و دەستیشی کەوت؛ ئەوانەش کە چوونە ناوەوە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادان، ئەوەش کێشەیەک نییە، رێگەیەکی دیکەی شەڕکردنە، بۆیە لەسەر وەڵامی پرسیارەکەت نەخێر من پێموانییە کە من بمەوێت سەربازەکانمان بکوژرێن، بەڵام پێموانییە بە هیچ شێوەیەک ئەوەی ئێستا رووبدات، چونکە لایەنێک لەنێوچووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ